بەری ڕەنجی ساڵێكی بەشێك لە جووتیارانی ڕۆژئاوای كوردستان دەسووتێت

12-06-2019 01:17

پەرەگراف

سەد هەزار دۆنم بەرهەمی دانەوێڵەی ڕۆژئاوای كوردستان كە بەری ڕەنجی ساڵێكی جووتیارانە، بە ئاگری شەڕ و ململانێكانی ناوچەكە سووتا.

لە سەرەتای وەرزی پێگەیشتنی گەنم و جۆوە، ئاگرێكی بێ‌ پێشینە یەخەی زەوییە كشتوكاڵییەكانی ڕۆژئاوای كوردستانی گرتووە. سەدان جووتیار پێڕانەگەیشتن بەرهەمی ساڵێك لە ڕەنج و ماندووبوونیان دروێنە بكەن، لە ماوەی چەند كاتژمێرێكدا ئاگر مایەپووچی كردن.

لە پارێزگای حەسەكەی ڕۆژئاوای كوردستان، بەرهەمی گەنم و جۆی دەیان گوندی سەر بە تربەسپی و عاموودا و تل حەمس و تل لەحم، لە ماوەی چەند ڕۆژێكدا سووتاون.

تەنیا لە گوندەكانی سەر بە تربەسپی لە باكووری ڕۆژهەڵاتی سووریا و نزیك لە سنووری توركیا، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەرهەمی گەنم و جۆی 29 گوند سووتاون، كە بە 100 هەزار دۆنم دەخەمڵێندرێت.

بە هەوڵی دانیشتووانی گوندەكان و بەڕێوەبەریی خۆسەری باكووری سووریا، بەشێك لەو ئاگرە كۆنترۆڵ كراوە، بەڵام بەرپرسانی ناوچەكە داوای هاوكاریی زیاتر لە هاووڵاتیان و هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەكەن بۆ كوژاندنەوەی تەواوەتیی ئاگرەكە.

ڕێكخراوی داعش تاكە لایەنە كە بە ئاشكرا بەرپرسیارێتیی سووتاندنی گەنمی جووتیارانی لە ئەستۆ گرتووە، بەڵام هەندێك لە میدیاكانی نزیك لە پەیەدە بەشێك لە ئاگركەوتنەوەكان دەخەنە ئەستۆی توركیا. هەروەها لە زاری هەندێك لە هاووڵاتیانەوە ئەوەیان گواستووەتەوە كە "بینیویانە كەسانی سەر بە ڕژێمی سووریا ئاگر لە زەویوزارەكان بەردەدەن، بۆ ئەوەی گورزی ئابووری لە ناوچەكە بدەن و دوژمنایەتی خەڵكەكەی بكەن".

ماڵپەڕی هاوارنیوز سووتانی 100 هەزار دۆنم گەنم و جۆی تربەسپیی ژێر دەسەڵاتی هێزەكانی سووریای دیموكراتی لە زاری بەرپرسانی ناوچەكەوە پشتڕاست كردووەتەوە.

هاوار نیوز لە زاری بەرپرسێكی ئەنجوومەنی مەدەنیی ڕەققەوە بە ناوی حەیدەر مووسا، ئەوەی گواستووەتەوە كە "دوژمنان هەوڵ دەدەن لە ڕێگەی سووتاندنی سەرچاوەی سەرەكیی قووتی ناوچەكەوە پرۆژەی بەڕێوەبردنی خۆسەریی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا تێك بدەن".

لە ماوەی ڕابردوودا لە چەند ناوچەیەكی دیكەی ڕۆژئاوای كوردستان بەرهەمی گەنم و جۆی جووتیاران سووتاون.

ئاگركەوتنەوەكان بە ڕاددەیەك لە كێڵگە نەوتییەكان نزیكبوونەتەوە مەترسییان لەسەریان دروست كردووە، كە نەوت سەرەكیترین سەرچاوەی داهاتی ناوچەكەیە.

ڕۆژئاوای كوردستان جگە لە نەوت، خاوەنی بەهەمێكی زۆری كشتوكاڵییە، كە گرنگترینیان گەنم و لۆكە و زەیتوونە.

ماوەیەكە لە ناوچە دابڕێندراوەكانی باشووری كوردستانیش بە شێوەیەكی بەرچاو بەرهەمی گەنمی جووتیارانی كورد دەسووتێت، بەڵام هیچ لایەنێك بەرپرسیارێتیی سووتاندنی لە ئەستۆ نەگرتووەعادل عەبدولمەهدیی سەرۆكوەزیرانی عێراقيش ئاماژەی بەوە كردووە كە ڕووداوەكان زیاد لە قەبارەی خۆیان گەورە كراون.