هۆشدارییەک لە وەزارەتی دادەوە: چەند هێرشێکی یەک لە دوای یەک کراونەتەسەر نزیک زیندانی فڕۆکەخانەی بەغداد

15-03-2026 12:21

پەرەگراف- وەزارەتی دادی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا نیگەرانیی دەردەبڕێت لە چەند هێرشێکی یەک لەدوای یەک کە کراونەتەسەر زیندانی فڕۆکەخانەی بەغداد و مەترسیی ئەوە پیشان دەدات کە هێرشەکان کاریگەرییان لەسەر ئاسایشی زیندانەکە هەبێت کە مەترسیدارترین تیرۆریستەکان لەو زیندانەدان.

وەزارەتەکە دەڵێت، ناوچەکانی دەوروبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی بەغداد و بەندیخانەی ناوەندیی کەرخ (کە بە بەندیخانەی فڕۆکەخانە ناسراوە)، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا بەر چەندین هێرش کەوتوون و هەندێکیان بە شێوەیەکی مەترسیدار لە بەندیخانەکەوە نزیک بوون.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی وەزارەتەکە، چڕترین شەپۆلی هێرشەکان ئێوارەی یەکشەممە بووە و دەڵێت: لە کاتژمێر ٦:٠٠ی ئێوارەوە شەش هێرش تۆمارکراون کە هەندێکیان لە نزیک بەندیخانەکە بوون. هەروەها هۆشداریی دا کە ئەم جۆرە ڕووداوانە دەبنە هەڕەشە بۆ سەر ئاسایشی بەندیخانەکە.

ڕوون نییە ئەو هێرشانە بۆسەر ناوچەکانی نزیک لە بەندیخانەکە لەلایەن کێوە ئەنجام دراون، بەڵام گروپەکانی سەربە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی کە لایەنگری ئێرانن بەرپرسیارێتی خۆیان لە چەند هێرشێک ڕاگەیاندووە بۆسەر بنکەی ڤیکتری ئەمەریکییەکان لە فڕۆکەخانەی بەغداد.

وەزارەتی داد دڵنیایی دەدات کە ڕێکارە ئەمنییەکان توندوتۆڵ و جێگەی دڵنیایین، بەڵام نیگەرانیشە لە هێرشەکانی نزیک بەندیخانەکە.

ئەم ڕووداوانە لە کاتێکدان کە گرژییەکانی ناوچەکە بەهۆی شەڕی بەردەوامی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران پەرەی سەندووە، کە ئێستا لە ١٦هەمین ڕۆژیدایە. لە هەفتەکانی ڕابردوودا، چەند گروپێک لەناو حەشدی شەعبی (کە بە مقاوەمەی ئیسلامی لە عێراق ناسراون) وەک پشتگیرییەک بۆ ئێران، هێرشی درۆنی و مووشەکییان کردووەتە سەر نێردە دیپلۆماسی و بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە عێراق.

لە بەرامبەردا، ژمارەیەک بنکەی حەشدی شەعبی  کراونەتە ئامانج و بەهۆیانەوە کوژراو و بریندار هەن، ئەو هێرشانەی سەر حەشد خراونەتە پاڵ ئەمریکا و ئیسرائیل.