عێراق دەڵێت هەرێمی کوردستان ڕازی نییە ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بە بۆرییەکەیدا بنێرینە تورکیا

15-03-2026 01:50

پەرەگراف - وەزارەتی نەوتی عێراق ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم ڕەتی دەکاتەوە ڕۆژانە ٣٠٠ هەزار بەرمیل نەوتی دیکە جگە لەوەی خۆی هەناردەی دەکات ڕەوانەی بەندەری جەیهانی تورکیا بکەن وەک قەرەبووکردنەوەی ئەو زیانەی بەر داهاتی عێراق دەکەوێت بەهۆی کێشە ئەمنییەکانی گەروی هورمز.

عێراق جارێکی دیکە داوا دەکات حکومەتی هەرێم بەو هەناردەکردنە ڕازیی ببێت، لەکاتێکدا خۆی ڕۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل هەناردە دەکات و بۆرییەکەی توانای هەناردەکردنی ٩٠٠ هەزار بەرمیلی هەیە.

وەزارەتی نەوتی عێراق دەشڵێت، وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێم چەند مەرجێکی داناوە بۆ هەناردەکردنی ئەو بڕە نەوتە کە مەرجەکان "پەیوەندییان بە پرسی نەوتەوە نییە".

"ئێمە ڕوونمان کردووەتەوە کە دەتوانرێت دواتر باس لەو مەرجانە بکرێت، هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوت، چونکە دواکەوتنی هەناردەکردن، عێراق بێبەش دەكات لە سەرچاوەی دارایی وەک قەرەبووی وەستانی هەناردەکردن لە بەندەرەکانی باشورەوە" وەزارەتی نەوت وادەڵێت.

ئەوە لەکاتێکدایە پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە گەروی هورمزەوە کاریگەریی خراپی لەسەر دۆخی ئابوری و داهاتی عێراق هەیەو مەزهەر محەمەد ساڵح ڕاوێژکاری سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر ڕایگەیاند، ئەگەر ئەو دۆخەو پەککەوتنی هەناردەی نەوت بەهۆی شەڕەوە لە گەروی هورمز بەردەوام بێت، عێراق ناچار دەبێت پەنا بباتەبەر قەرزی ناوخۆیی بۆ دابینکردنی مووچە.