سوودانی هۆشداریی 'مەترسییەكی نزیك' و بەڵێنی 'ڕاوەداونانی هێرشبەرانی سەر نێردە دیپلۆماسییەكان' دەدات
پەرەگراف - محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، هۆشداری دەدات كە جەنگی بەردەوامی ناوچەیی فراوانتر بووە و ئێستا "مەترسییەكی نزیك" بۆ سەر هەموو لایەنەكان هەیە. ئەمەش لە كاتێكدایە بەغدا لە دوای هێرشەكان بۆ سەر نێردە دیپلۆماسییەكان و بنكەكانی هاوپەیمانان، ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەمنیی گەورە دەبێتەوە.
ڕۆژی شەممە 14-03-2026، لە كاتی بەشداریكردنی لە خوانێكی بەربانگكردنەوە لەگەڵ زانایانى ئایینى لە بەغدا، سوودانی ڕایگەیاند كە تێكچوونی ژینگەی ئەمنی لە سەرانسەری ناوچەكەدا هەڕەشە لە پڕۆژەكانی ژێرخان، دابینكردنی وزە و زنجیرە جیهانییەكانی دابینكردن دەكات، لە هەمان كاتدا عێراق دەخاتە پێگەیەكی تایبەت و هەستیارەوە.
بەپێی ڕاگەیەندراوێكی نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكوەزیران، سوودانی وتوویەتی "جەنگەكە فراوان بووە و ئێستا هەموو لایەنەكان ڕووبەڕووی مەترسییەكی نزیك بوونەتەوە".
"سوودانی جەختی لەوە كردەوە كە هێرشكردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەكان و بارەگاكانی هاوپەیمانان، دەكرێت عێراق ڕووبەڕووی لێكەوتەی مەترسیدار بكاتەوە. هۆشداریی دا كە ئەم جۆرە كارانە مەترسی ئەوەیان هەیە وڵات زیاتر بەرەو ململانێ ناوچەییەكان پەلكێش بكەن" نووسینگەی سوودانی وا دەڵێت.
سەرۆكوەزیران عێراق جەخت دەكاتەوە كە "هێرشكردنە سەر نێردە دیپلۆماسییەكان و بارەگاكانی هاوپەیمانان، عێراق ڕووبەڕووی دەرئەنجامی سەخت دەكاتەوە". دەشڵێت "دەوڵەت لە ڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەكانیەوە، بەردەوام دەبێت لە ڕاوەدوونانی ئەوانەی تێوەگلاون لەم كارە ئیدانەكراو و ڕەتكراوەیەدا".
ئەم لێدوانانە لە كاتێكدان كە گرژییەكان ڕوو لە زیادبوونن و ڕووداوە دووبارەبووەكانی هێرشی درۆنی و مووشەكی كە دامەزراوە بیانییەكان و شوێنە ئەمنییەكان لە سەرانسەری عێراق و هەرێمی كوردستان دەكەنە ئامانج، هاوكات لەگەڵ توندبوونەوەی ململانێ گشتگیرەكەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیادیان كردووە.
سوودانی جەختی لەوە كردەوە كە تەنها دەوڵەتی عێراق خاوەنی دەسەڵاتە بۆ بڕیاردان لە كاروباری جەنگ. دووپاتی كردەوە كە حكومەت پابەندە بە پاراستنی كۆنترۆڵی هەموو هێزە چەكدارەكان لەژێر سایەی یاسادا.
هەروەها سەرۆكوەزیران جارێكی دیكە سەركۆنەی هێرشەكانی سەر ئەندامانی هێزە ئەمنییەكانی عێراقی كردەوە، لەوانەش شەڕكەرانی ناو حەشدی شەعبی، جەختی كردەوە كە حكومەت هەموو هەنگاوێكی پێویست دەگرێتەبەر بۆ پاراستنی كارمەندانی خۆی.
لە دەرەوەی عێراق، سودانی هۆشداری دا كە ململانێكان تادێت ناوچەكە بە گشتی ناسەقامگیرتر دەكەن.
ئەو ئاماژەی كرد بە فراوانبوونی دوژمنكارییەكان و ئەوەی كە بە "دەستدرێژیی ئیسرائیل بۆ سەر لوبنان" وەسفی كرد، كە بە وتەی ئەو "بووەتە هۆی ئاوارەبوونی سەدان هەزار مەدەنی و زیاتر پەرەسەندنی گرژییەكان".
سودانی، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆكوەزیرانی ئیسرائیلی تۆمەتبار كرد بەوەی "ناوچەكە بەرەو جەنگێكی بێ وێنە پەلكێش دەكات و چەكی قەدەغەكراو بەكار دەهێنێت".
لە هەمان كاتدا، سەرۆكوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند كە بەغدا بە چالاكانە لەگەڵ هاوبەشە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان كار دەكات بۆ فشار دروستكردن و ڕاگرتنی شەڕ.
عێراق لە ئێستادا سەرۆكایەتیی لووتكەی عەرەبیی بەدەستەوەیە. بە بۆچوونی سودانی، ئەمە ڕۆڵ دەداتە وڵاتەكە لە هەماهەنگیی هەوڵە دیپلۆماسییەكان بەمەبەستی ڕاگرتنی ململانێكان.
ئەم هۆشدارییەی بەغدا لە كاتێكدا دێت كە گرژییە ناوچەییەكان بەردەوامن لە هەڵكشان، ئەمەش ترسی ئەوەی دروست كردووە عێراق —كە نێردە دیپلۆماسییە بیانییەكان، هێزەكانی هاوپەیمانان و چەندین گرووپی چەكداریی تێدایە— ئەگەر ململانێكان لە فراوانبوون بەردەوام بن، ببێتە گۆڕەپانێكی دیكەی جەنگەكە.