پەرەگراف - غالب محەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، لە بەرانبەر ڕاگرتنی مووچەی ژمارەیەك لە مامۆستا و فەرمانبەران، لە داواكاری گشتیی عێراق لە بەغداد سكاڵایەكی دژی وەزارەتی دارایی هەرێم و بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی تۆمار كرد. داوا لە داواكاری گشتی دەكات "ڕێكاری پێویست سەبارەت بەم نادادپەروەرییە بگرنە بەر".
وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، بە پاساوی پڕنەكردنەوەی فۆڕمی هەژماری من و دروستنەكردنی كارتی بانكی لە یەكێك لە بانكەكانی پرۆژەكە، مووچەی دەیان فەرمانبەر و مامۆستای ڕاگرتووە. وەزارەتەكە پێشتر بە بڕیارێك پرۆژەی هەژماری منی بەسەر مووچەخۆراندا سەپاند و چەند جارێك هۆشداریی پێ دابوون كە ئەگەر بەشداریی تێدا نەكەن، مووچەكانیان ڕادەگرێت.
پەرلەمانتارەكە لە نووسراوێكدا بۆ داواكاری گشتی دەڵێت "وەزارەتی دارایی هەرێم هەستاوە بە دەركردنی گشتاندن بۆ سەرجەم فەرمانگەكان بە خەرجنەكردنی مووچەی ئەو فەرمانبەرانەی كە فۆڕمی پڕۆژەی هەژماری (هەژماری من)یان پڕ نەكردووەتەوە، لە ئەنجامی ئەوەشدا هەندێك لە فەرمانگەكان هەستاون بە ڕاگرتنی خەرجكردنی مووچەی شایستەی مانگی شوبات، لەنێویاندا (بەڕێوەبەرێتیی پەروەردەی ڕۆژهەڵاتی سلێمانی)".
غالب محەمەد ئاماژەی بەوە كردووە كە "نزیكەی ٤٠ مامۆستا لەو بەڕێوەبەرێتییە سزا دراون، بەهۆی ئەوەی فۆڕمی پڕۆژەی هەژماری منیان پڕنەكردووەتەوە". ئەوەش بە "پێشێلكردنی دەستوور و یاسا كارپێكراوەكان" ناو دەبات.