سیپان حەمۆ: بەرپرسیارێتی هێرشەكەی خەراب جیر لە ئەستۆی عێراقە

23-03-2026 11:21

پەرەگراف- سیپان حەمۆ یاریدەدەری وەزیری بەرگری سوریا بۆ كاروباری رۆژهەڵات و یەکێک لە فەرماندە باڵاکانی هەسەدە، ئیدانەی ئەو هێرشە دەکات کە کراوەتەسەر بنکەی خەراب جیر لە حەسەکەو بەرپرسیارێتییەکەی دەخاتە ئەستۆی عێراق.

حەمۆ لە پەیامێکدا دەڵێت،  هێرشەکە ئێوارەی ئەمڕۆ لە خاکی عێراقەوە بە موشەک ئەنجامدراوە، "بەرپرسیارێتی تەواو و ڕاستەوخۆی ئەم هێرشە دەخەینە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی عێراق، بەهۆی شکستهێنانیان لە کۆنتڕۆڵکردنی خاکەکەیان و ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی بۆ ئەنجامدانی هێرش، کە هەڕەشە لە ئاسایش و یەکپارچەیی خاکەکەمان دەکات".

سیپان حەمۆ ئاماژە بەوەش دەکات، هێرشەکە زیانی مادی لێکەوتەوە، بەڵام هیچ زیانێکی گیانی نەبووە لەناو هێزە چەکدارەکانیاندا، داواش لە بەغداد دەکات، "دەستبەجێ و کاریگەرانە بەرپرسیارێتی خۆیان بگرنە ئەستۆ و ڕێوشوێنی توند و یەکلاکەرەوە بگرنەبەر بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە پێشێلکارییانە".

بنکەی خەراب جیر دەکەوێتە ناوچەی ڕمێلان لە پارێزگای حەسەکە لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە شوێنێکی ستراتیجی بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی هەسەدە دادەنرێت، پێشتر هێزەکانی ئەمەریکاش لە بنکەکەدابوون و سەرەتای ئەم مانگە بەجێیانهێشت. تا ئێستا هیچ گروپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.