لە هێرشە ‏مووشەکییەکەى سەر بارەگایەکى پێشمەرگە لە دەڤەرى سۆران شەش پێشمەرگە شەهید بوون

24-03-2026 10:16

پەرەگراف - دوو هێرشى مووشەکیى یەک لەدواى یەک کرایە سەر بارەگایەکى هێزەکانى پێشمەرگە لە دەڤەرى ‏سۆران. بەهۆیەوە "شەش پێشمەرگە شەهید" بوون و ژمارەیەکى زۆریش بریندارن. ئەم هێرشە ‏پێشهاتێکى نوێیە لە پریشکى ئاڵۆزییەکانى ناوچەکە کە بەر هەرێمى کوردستان دەکەوێت. ‏

هەردوو هێرشەکە بەرەبەیانى ئەمڕۆ لە ماوەى یەک کاتژمێردا ئەنجام دراون. تێیدا بارەگاى ‏فیرقەى حەوتى فەرماندەیی دەڤەری ١ـی هێزەکانى پێشمەرگە لە ناوچەى سپیلک سەر بە قەزاى ‏خەلیفان لە ئیدارەى سۆران بەئامانج گیراوە. ‏

سەرچاوەیەک لە هێزەکانى پێشمەرگە بە پەرەگرافى ڕاگەیاند "لە هێرشەکەدا شەش پێشمەرگە ‏شەهید و زیاتر لە ٢٠ پێشمەرگەى دیکەش بریندار بوون". ‏

ڕاگەیەندراوێک لە فەرماندەیی دەڤەری یەک: ‏

ئاگاداری دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕای گشتی دەکەینەوە، کە بارەگاکانی فیرقەی ٧ لە دوو کاتی ‏جیاوازی پاشنیوەشەوی ڕێکەوتی ٢٠٢٦/٣/٢٤ کرانە ئامانجی هێرشی موشەکی بەم شێوەیەی ‏خوارەوە:

١. لە کاتژمێر 01:50ی پاشنیوەشەو، بارەگای فیرقە بە (٥) پێنج موشەک بۆردومان ‏کرا، خۆشبەختانە هیچ زیانێکی گیانی لێ نەکەوتەوە. ‏

‏٢. لە کاتژمێر 02:50ی پاشنیوەشەو، جارێکی دیکە لە نزیک بارەگای فیرقە و بە دیاریکراوی لە ‏سنووری گوندی کەلەکین، هێرشێکی دیکە بە (١) یەک موشەک ئەنجامدرا. ‏

دووپاتی دەکەینەوە کە هێزەکانمان لە ئامادەباشی تەواودان و لێکۆڵینەوە لە سەرچاوەی هێرشەکان ‏بەردەوامە. ‏