وەزارەتى پێشمەرگە: شەش پێشمەرگە بە مووشەکى ئێران شەهید بوون

24-03-2026 11:49

پەرەگراف - وەزارەتى پێشمەرگە شەهیدبوونى شەش پێشمەرگە و برینداربوونى ٣٠ـى دیکەى لە ‏هێرشەکەى بەرەبەیانى ئەمڕۆدا ڕاگەیاند و دەڵێت "بارەگایەکی فیرقەی ٧ـى پیادەی دەڤەری ١ و ‏هێزێکی فرقەی ٥ـى پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، بە شەش مووشەکی بالیستیی ‏ئێرانی کرانە ئامانج". ‏

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پێشمەرگەوە: ‏

بەرەبەیانی ئەمرۆ ٢٤/٣/٢٠٢٦ لە دوو هێرشی جیاواز دا، بارەگایەکی فیرقەی ٧ ی پیادەی ‏دەڤەری ١ و هێزێکی فرقەی ٥ ی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران، لە کردەوەیەکی ‏دوژمنکارانە و بە غەدر و خیانەت و دوور لە هەموو ئاکارێکی مروڤایەتی و دراوسێیەتی، بەر ‏هێرشی ٦ موشەکی بالیستی ئێرانی کەوتن و لە ئەنجامدا ٦ پێشمەرگەی قارەمان شەهید و ٣٠ ‏پێشمەرگەی دیکەش بریندار بوون. لە کاتێکدا کە بە توندترین شێوە ئەم هێڕشە و هەموو هێڕشە ‏تیروریستیانەی تر کە دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەین، دووپاتی دەکەینەوە کە ‏ئێمە هەموو مافێکمان هەیە بۆ بەرپەرچدانەوەی هەر دەستدرێژیەک کە دەکرێتە سەر گەل و ‏خاکەکەمان‎. ‎
بە هیچ جورێک چاوەڕوانی ئەوەمان نەدەکرد بەم جۆرە نامەردانە، وەڵامی هەڵوێستی ‏ئاشتیخوازانەی هەرێمی کوردستان بدرێتەوە. بەڵام تەمەنی غەدر و ستەم کورتە و ئیرادەی ‏ئاشتیخوازی سەردەکەوێت‎. ‎
وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ بنەماڵە و کەسوکاری شەهیدەکانمان، هیوای چاکبوونەوەی ‏خێراش بۆ بریندارەکانمان دەخوازین. جارێکی دیکەش داوا لە هەموو لایەک دەکەین شەڕ و ئاژاوە ‏لە هەرێمی کوردستان بە دوور بگرن و داواش لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ‏هەموو دۆستانمان دەکەین بەرانبەر ئەم پێشێلکاریانە بێدەنگ نەبن و سنوورێک بۆ ئەم ‏دەستدرێژییە بێباکانە دابنرێت‎. ‎

وەزارەتی پێشمەرگە
‎٢٠٢٦/٣/٢٣‎