پەرەگراف - بەڕێوەبەرایەتیی کەشناسی و بومەلەرزەرانیی هەرێمی کوردستان پێشبینیی "شەپۆلێکی بەهێز" ـی باران و بەفربارین دەکات، کە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاوی لەگەڵ دەبێت و مەترسیی لافاویش هەیە.
بەڕێوەبەرایەتییەکە هۆشداری دەدات کە پێویستە هاووڵاتیان لە سەرچاوەی ڕووبارەکان و چەم و دۆڵەکان دووبکەونەوە لەبەر مەترسیی لافاوی لەناکاو، هەروەها بەهۆی بوونی هەورەتریقشەی بەهێز، لە ناوچە شاخاوییەکان و دەشتە کراوەکان و شوێنە بەرزەکان دووربکەونەوە.
کاریگەریی شەپۆلێکی بارانبارینی بەهێز بۆ سەر ناوچەکەمان
بەپێی دواین نەخشەکانی کەش و هەوا وە لە ئەنجامی یەکگرتنی نزمە پەستانی دەریای ناوەراست لەگەڵ بارستە هەوایەکی ساردی چینەکانی سەرەوەی هەوا ئەمەش دەبێتە هۆی دروست بوونی ناجێگیری کەش و هەوا لە ناوچەکەماندا کە ماوەی چەند ڕۆژێک دەخایەنێ.
هەرێمی کوردستان کەوتۆتە ژێر کاریگەری شەپۆلێکی بارانبارین بەشێوەی نمەباران و بارانی مامناوەند و هەندێ کات لێزمەباران و هەورەبرووسکە و تەزرەشی لەگەڵ دەبێت بۆ ماوەیەکی کورت خایەن، ئەمەش دەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە هەندێ کاتدا و ئاستەنگ بۆ هاتووچۆ دروست دەبێت. خێرای با هەندێ کات بۆ سەرووی ٥٠ کم/ک دەبێت، لەگەڵ بارینی بەفر لە سەرجەم ناوچە شاخاوییە سنورییەکانی هەرێم، وە پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە بە (٤- ٦) پلەی سیلیزی بەراود بە پلەکانی گەرمی ئەمڕۆ.
هۆشدارییەکان
دوورکەوتنەوە لە سەرچاوەی رووبارەکان و چەم و دۆڵەکان لەبەر مەترسی لافاوی لەناکاو. بەهۆی بوونی هەورە تریقشەی بەهێز دوورکەوتنەوە لە ناوچە شاخاویەکان و دەشتە کراوەکان و شوێنە بەرزەکان.
هۆشداریمان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لە شەقامەکان بەهۆی لێزمە بارانی بەهێز. باشترە نەچن بۆ گەشت و سەیران. زیاد بوونی خێرای با بۆ سەرووی ٥٠ کم لە کاتژمێرێکدا ئەمەش مەترسی دروست دەکات لەسەر ژیانی هاوڵاتیان.
زۆرترین بڕی دابارین پێشبینی دەکرێت بە پلە یەک لە (ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان، پارێزگای هەڵەبجە، پارێزگای کەرکووک، پارێزگای سلێمانی و چەمچەماڵ، بەشێک لە ناوچە دەشتاییەکانی پارێزگای هەولێر).