بەغداد لەسەر هێرشەکانى سەر پێشمەرگە بانگهێشتى باڵیۆزى ئێران دەکات، حەشدى شەعبیش ‏بۆ وەڵامدانەوەى هێرشەکان دەستکراوە کرا

24-03-2026 11:45

پەرەگراف - حکومەتى عێراق بە فەرمى حەشدى شەعبى و هێزە چەکدارەکانى دیکەى دەستکراوە ‏کرد بۆ وەڵامدانەوەى ئەو هێرشانەى کە لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکانەوە دەکرێنە سەر ‏بارەگاکانیان. لەسەر بەئامانجگرتنى هێزەکانى پێشمەرگەیش، بانگهێشتى باڵیۆزى ئێران دەکات. ‏

وتەبێژى حکومەتى عێراق ڕایدەگەیەنێت، مافى وەڵامدانەوەە هێرشەکان، بە بڕیارى ‏ئەنجوومەنی وزاریى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بووە، ئەویش "بەپێی پرەنسیپی مافی ‏وەڵامدانەوە و بەرگریکردن لەخۆکردن" و "بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ڕێگایەکی بەردەست". ‏

ئەنجوومەنی وزاریى ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ئەمڕۆ بە سەرپەرشتیى محەمەد شیاع سوودانى، ‏فەرماندەى هێزە چەکدارەکانى عێراق کۆبووەوە و سىَ بڕیارى دەرکرد. بڕیارێکى دیکەى ‏گرتنبەرى ڕێکارى یاساى و جێبەجێکردنى فەرمانى دەستگیرکردنى ئەو لایەن و کەسانەیە کە ‏‏ "دامودەزگا ئەمنییەکان، بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسییەکان" بەئامانج ‏دەگرن. ‏

بڕیارێکى دیکەى ئەنجوومەنەکە، گرتنەبەرى ڕێکارى دیپلۆماسییە لە ڕێگەى وەزارەتی دەرەوە، بە ‏پێشکەشکردنی سکاڵا بە ئەنجوومەنی ئاسایش، سەبارەت بە "هەر کردەیەکی دەستدرێژی و ‏لێکەوتەکانی" بۆ سەر عێراق. هەر لەو چوارچێوەیەشدا بانگهێشتی کارڕاپەڕێنەرى باڵیۆزخانەى ‏ئەمریکا و باڵیۆزی ئێران دەکات بۆ پێشکەشکردنی "یاداشتی ناڕەزایەتیی فەرمی" سەبارەت بە ‏هێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی و بارەگاکانی هێزى پێشمەرگە. ‏

ڕاگەیەنداوێک لە سەباح نوعمان، وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراقەوە: ‏

ئەمڕۆ سێشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانى عێراق، ‏سەرپەرشتیی کۆبوونەوەی بەپەلەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کرد. ‏

لە کۆبوونەوەکەدا پێداچوونەوە بە پێشهاتەکانی شەڕ و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی ناوچەکە و ‏کاردانەوەکانیان لەسەر عێراق کرا. سوودانى دووپاتى کردەوە کە دەوڵەت لە ڕێگەی دەسەڵاتە ‏دەستوورییەکانییەوە، تاکە دەسەڵاتی بڕیاردانە لەسەر شەڕ و ئاشتی، ڕێگە بە هیچ قەوارە و ‏تاکێک نادات ئەم مافە قۆرغ بکات، ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەر لایەنێک دەگیرێتەبەر کە ‏پێچەوانەی ئەمە مامەڵە بکات. ‏

لە کۆبوونەوەکەدا هەڵوێستی نەگۆڕی حکومەت لەبارەی پرسە پرەنسیپیەکان و ڕەتکردنەوەی ‏دەستدرێژی و بەئامانجگرتنی سەروەریی دەوڵەتان و هەڕەشەی گۆڕینی سیستەمەکانیان و ‏هێرشکردنە سەر تواناکانیان دووپات کراوەتەوە. ‏

کۆبوونەوەکە جەختى کردووە لەوەی هێزە ئەمنییەکان بەپێی دەستوور و یاسا ئەرکە ‏نیشتمانییەکانی خۆیان لە پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جێبەجێ دەکەن. لەنێویشیاندا ‏هێزەکانی حەشدی شەعبی، کە نوێنەرایەتیی یەکێک لە پایەکانی سیستەمی ئاسایشی نیشتمانیمان ‏دەکات. ئەمەش پێویستی بەوەیە کە هەمووان ئەندامانی ئەم پێکهاتە ئەمنییە بپارێزن و ڕێگری ‏بکەن لە هەر لایەنێکی ناو دەستەکە لە دەرەوەی سنووری یاسا مامەڵە بکات. ‏

لەبەر ڕۆشنایی هێرشە ناڕەواکان و پێشێلکارییە قورسەکانی سەروەریی عێراق و بەئامانجگرتنی ‏بارەگا ئەمنییە فەرمییەکان، ئەنجوومەن ئەم بڕیارانەى خوارەوەی دا: ‏

‏١-‏ ڕووبەڕووبوونەوە و بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشە سەربازییانەی کە لەلایەن فڕۆکە ‏جەنگییەکان و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانەوە ئەنجام دەدرێن، کە بارەگا و پێکهاتە ئەمنییە ‏فەرمییەکانی حەشدی شەعبی و پێکهاتەکانی تری هێزە چەکدارەکانمان دەکەنە ئامانج. ‏ئەوەش بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو ڕێگایەکی بەردەست، بەپێی پرەنسیپی مافی ‏وەڵامدانەوە و بەرگریکردن لە خۆ. ‏

‏٢-‏ ‎ ‎ڕاوەدونانی ئەو کەسانەی بەشداری دەکەن لە هێرشکردنە سەر دامودەزگا ئەمنییەکان و ‏بەرژەوەندیی هاووڵاتیان و نوێنەرایەتییە دیپلۆماسیەکان. ئاشکراکردنی ئەو لایەنانەی ‏پەیوەندییان پێوەی هەیە و گرتنەبەری ڕێکاری یاسایی و جێبەجێکردنی فەرمانی ‏دەستگیرکردن کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەرچووە. ‏

‏٣- وەزارەتی دەرەوە ڕێکارە پێویستەکان دەگرێتەبەر بۆ پێشکەشکردنی سکاڵا بە ئەنجوومەنی ‏ئاسایش، سەبارەت بە هەر کردەوەیەکی دەستدرێژی و لێکەوتەکانی، داواکردن بۆ ڕاگرتن و ‏سەرکۆنەکردنی. هاوکات بانگهێشتکردنی کارڕاپەڕێنەرى باڵیۆزخانەى ئەمریکا و باڵیۆزی ئێران ‏بۆ پێشکەشکردنی یاداشتی ناڕەزایەتیی فەرمی سەبارەت بە هێرشەکانی سەر بارەگاکانی حەشدی ‏شەعبی لە پارێزگای ئەنبار و ناوچەکانی تر و بارەگاکانی هێزى پاراستنى هەرێمی کوردستانی ‏عێراق (پێشمەرگە) لە هەولێر‎. ‎