بەهۆی بۆردومانی مووشەک و درۆن ١٣ کەس کوژراون لە هەرێمی کوردستان

25-03-2026 06:08

پەرەگراف -  لە ماوەی ٢٦ ڕۆژی شەڕی ئەمەریکاو ئیسرائیل لە دژی ئێران و بەهۆی بۆردومانی هەرێمی کوردستان لەلایەن ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەربە ئێران، لانیکەم ١٣ کەس لە هەرێمی کوردستان کوژراون و زیاتر لە ٥٠ی دیکە برینداربوون بەپێی بەدواداچوونی پەرەگراف.

لە کەمتر لە یەک مانگی شەڕەکەدا زیاتر لە ٥٠٠ درۆن و مووشەک بەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێم کەوتوون، لە نێو ئەو ١٣ کەسەی کوژراون، پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، پێشمەرگەکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران، ئەندامێکی ئاسایشی هەرێم و سەربازێکی فەڕەنسی هەن.

نوێترین هێرشی خوێناویی کوژرانی ٦ پێشمەرگەو برینداربوونی ٣٠ی دیکە بوو لە ٢٤ی ئەم مانگە بە مووشەکی بالیستیی ئێران کە بارەگای هێزی پێشمەرگەی لە قەزای سۆران کردە ئامانج.

لە ١٣ی ئازاریشدا، ئیقباڵ ساڵحی خەڵکی سەقز و فەخرەدین مورادی خەڵکی سنە — کە هەردووکیان پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بوون — لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر پێگەکانیان لە بەرزاییەکانی باشیک کوژران.

ڕۆژێک پێش ئەوە، ئارنۆ فریۆن، پلەدارێکی سوپای فەڕەنسا کوژرا کاتێک درۆنەکان بنکەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و فەڕەنسایان لە ناوچەی مەخمووری پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.

لە پارێزگای سلێمانی، ئومێد وەیسی دەناسرێت، پێشمەرگەی کۆمەڵەی ئێران، لە ١١ی ئازاردا بەهۆی هێرشی درۆن و مووشەک بۆ سەر گوندی زڕگوێزەڵە کوژرا.

هێرشێکی دیکە لە هەمان گوند لە ٧ی ئازاردا بووە هۆی کوژرانی ئیسماعیل ڕەحیمی پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران.

هەر لە ٧ی ئازاردا، وڵات تاهیر، ئەندامی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بوو، دوای شەپۆلێک لە هێرشی درۆن بۆ سەر شارەکە کوژرا.

لە سەرەتای شەڕەکەدا و لە ٤ی ئازاریشدا، جەلال ڕەشیدی، پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر بنکەکانی ئەو پارتە لە نزیک دێگەڵە لە هەولێر کوژرا.

لەناو زیاتر لە ٥٠ بریندار لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو هێرشانەوە، پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران، هاووڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی فەڕەنسی هەن.