پلانی نوێی عێراق بۆ هەناردەی نەوت؛ زیادکردنی هەناردە بۆ بەندەری جەیهان و بۆرییەک بەرەو بانیاسی سووریا

26-03-2026 02:51

پەرەگراف - وەزارەتی نەوتی عێراق پلانێکی نوێی بۆ فراوانکردنی ژێرخانی هەناردەکردنی نەوت ڕاگەیاند، کە پڕۆژەی بۆرییەکی نوێ بۆ بەندەری بانیاسی سووریا و هەوڵەکان بۆ زیادکردنی هەناردە بەرەو جەیهانی تورکیا بۆ نزیکەی 650 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا دەگرێتەوە.

باسم محەمەد، بریکاری وەزارەتی نەوت دەڵێت، لە ئێستادا عێراق پشت بە دوو بۆری سەرەکی هەناردەکردن دەبەستێت لە باکورەوە، یەکێکیان بۆرییەکەی هەرێمی کوردستانە کە توانای 900 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا، هەروەها بۆریی دووەم -بۆری حکومەتی فیدراڵی لە کەرکووکەوە بۆ فیشخاپوور کە لە ٢٠١٤وە وەستاوەو لەژێر نۆژەنکردنەوەدایە بەهۆی ئەو زیانانەی لە شەڕی داعش بەریکەوت- توانای ئەم بۆرییە نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیلە لە ڕۆژێکدا.

بریکاری وەزارەتی نەوت ئەوەشی ڕوونکردنەوە کە هەناردەکردنی ئێستای کێڵگەکانی کەرکووک نزیکەی 250 هەزار بەرمیلە لە ڕۆژێکدا کە بە بۆرییەکەی هەرێم هەناردە دەکرێت، بەرهەمی کەرکوک 380 هەزار بەرمیلەو ئەوەی دیکەی دەدرێتە پاڵاوگە ناوخۆییەکان.

باسم محەمەد دەشڵێت، هەماهەنگی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەردەوامە بۆ زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان، هەرچەندە ئەو گرێبەستانەی لە نێوان هەرێم و کۆمپانیا بیانییەکان واژۆ کراون لە دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی فیدراڵیدان، "وەزارەت ئامانجیەتی پشکی هەناردەکردنی هەرێم بۆ 400 هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا بەرز بکاتەوە(ئێستا 200 هەزارە). ئەمە لەگەڵ 250 هەزار بەرمیلی کۆمپانیای نەوتی باکوور، کۆی گشتی هەناردەی باکوور دەگەیەنێتە نزیکەی 650 هەزار بەرمیل".

سەبارەت بە بۆری کەرکووک-بانیاس کە ماوەیەکی زۆرە لەکارکەوتووە، بریکاری وەزارەتی نەوت پشتڕاستی کردەوە کە ئەو بۆرییە چیتر کار ناکات. لەبری ئەوە، وەزارەت خەریکی لێکۆڵینەوەیە لە ڕێڕەوێکی ستراتیژی نوێ کە عێراق لە ڕێگەی بۆریی بەسرە-حەدیسە بە بانیاسەوە دەبەستێتەوەو ئەم هێڵە چەند لقێکی دەبێت بەرەو ئوردن و سووریا.

وتیشی، پڕۆژەکە لە ئێستادا لە قۆناغی دیزاین و جێبەجێکردندایە و پێویستی بە وەبەرهێنانێکی زۆر هەیە بۆ دروستکردنی بۆری، وێستگەکانی پەمپکردن و ژێرخانی کۆگاکردن. ڕێڕەوە نوێیەکە بە مەبەستی دابینکردنی پێداویستی پاڵاوگەکانە لە سەرانسەری عێراق و دۆزینەوەی ڕێگەیەکی جێگرەوەی هەناردەکردنە لە ئەگەری پەککەوتنی گەرووی هورمز.

جەختی لەوەش کردەوە کە ستراتیژی گشتگیری عێراق نوێکردنەوەی هەردوو سیستەمی هەناردەکردنی باشوور و ڕێڕەوەکانی باکوور لە ڕێگەی جەیهان و بەرەو بانیاس لەخۆدەگرێت.