ئێران وەڵامى پێشنیازە ١٥ خاڵییەکەى ئەمریکاى دایەوە و مەرجەکانى خۆیشى ئاشکرا دەکات

26-03-2026 05:12

پەرەگراف - ئێران وەڵامى پێشنیازە ١٥ خاڵییەکەى ئەمریکاى دایەوە و چاوەڕێى وەڵامى بەرانبەر دەکات. تاران ژمارەیەک مەرجى ئاراستەى واشنتن کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا باوەڕى بە پێشنیازى دانوستان و ڕێککەوتنى ئەمریکا نییە و بە "فێڵێک بۆ بەدەستهێنانى سێ ئامانج" ناوى دەبات.

سەرچاوەیەکى ئاگادار بە ئاژانسى هەواڵى تەسنیمى نیمچەفەڕمیى ئێرانى ڕاگەیاندووە، وەڵامەکە شەوى ڕابردوو لە ڕێگەى نێوەندگیرەکانەوە ڕەوانە کراوە. بەپێى سەرچاوەکە "ئێران لە وەڵامەکەیدا وتوویەتى، دەبێت دەستدرێژى لەلایەن دوژمنەوە کۆتایى بێت، هەلومەرجى واقعى بڕەخسێنرێت کە چیتر شەڕ دووبارە نابێتەوە".

هەر بەپێى ئەو سەرچاوەیە "بژاردنەوەى زیانەکان و قەرەبووکردنەوەى شەڕ، کۆتاییهێنان بە شەڕ لە هەموو بەرەکان، لەنێویاندا بەرەکانى شەڕ لەگەڵ هەموو گرووپەکانى بەرەى موقاوەمە کە بەشدارییان لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا کردووە، هەروەها جێبەجێکردنى ڕاگرتنى شەڕ بە کردەیى"، مەرجەکانى دیکەى ئێرانن.

ئەو سەرچاوە ئاگادارەى تەسنیم ئاماژەی بەوەش کردووە کە سەپاندنی سەروەریی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا، "مافێکی سروشتی و یاسایی ئێران بووە و دەبێت". هەروەها جەختى کردووەتەوە کە "ئەم مەرجانەی ئێران، جیاوازن لەو داواکارییانەی کە لە خولی دووەمی دانوستانەکان لە جنێڤ (چەند ڕۆژێک پێش دەستپێکردنى هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل لە مانگی ڕابردوو) پێشکەشی لایەنی بەرانبەر کرابوون".

لەگەڵ وەڵامدانەوەى پێشنیازەکەدا، سەرچاوە ئێرانییەکە جەختی کردووەتەوە کە "بۆ ئێران سەلماوە بانگەشەی ئەمریکا سەبارەت بە دانوستان، تەنیا پڕۆژەی «فێڵی سێیەم»ـە". پێى وایە باسکردن لە دانوستان لەلایەن ئەمریکاوە بۆ سێ ئامانجە "یەکەم: فریودانى جیهان بە نیشاندانی ڕووخسارێکی بە ڕوواڵەت ئاشتیخواز و بەحیساب خوازیاربوون بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ. دووەم: دابەزاندنى نرخی نەوت لە جیهاندا. سێیەم: بەدەستهێنانى کات بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ هێرشێکى زەمینى لە باشووری ئێرانەوە".

"ئەگەر ئێران تا پێش شەڕی ١٢ ڕۆژە گومانی لە ئەنجامی دانوستانەکان و پابەندبوونی ئەمریکا بە ڕێککەوتنەکانەوە هەبووبێت، ئەوا لە دوای ئەوە گومانی تەواوی لە ئەسڵی ویستی ئەمریکا بۆ دانوستان لە هەر کات و بڕگەیەکدا هەیە. ئەمریکییەکان هەم لە شەڕی ١٢ ڕۆژە و هەم لە شەڕی ڕەمەزاندا، لە کاتی دانوستاندا شەڕیان دەست پێ کرد و ئەمجارەش ئەمریکییەکان لەژێر پەردەی درۆی دانوستاندا بەدوای زەمینەسازی بۆ تاوانێکی نوێدا دەگەڕێن"، سەرچاوەکەى تەسنیم وا دەڵێت.

ئەمڕۆ ٢٦-٠٣-٢٠٢٦، ئیسحاق دار، وەزیری دەرەوەی پاکستان، ئاشکراى کرد کە وڵاتەکەی نێوەندگیری سەرەکیی نێوان ئەمریکا و ئێرانە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن و ڕاگرتنى شەڕ. پشتڕاستیشى کردەوە کە ئەمریکا پێشنیازێکی ١٥ خاڵیى لە ڕێگەى ئەوانەوە ئاراستەى ئێران کردووە.