وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا بە تەلەفۆن سەرەخۆشیی لە مەسرور بارزانی کردو ئیدانەی ئێران و میلیشیا عێراقییەکان دەکات
پەرەگراف- مارکۆ ڕوبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەمڕۆ پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ مەسرور بارزانی ئەنجامدا بۆ دەربڕینی سەرەخۆشی بەهۆی هێرشە مووشەکییەکەی ئێران کە بووەهۆی شەهیدبوونی شەش پێشمەرگە لە قەزای سۆران، بە توندیش هێرشە بەردەوامەکانی ئێران و میلیشیا هاوپەیمانەکانی لە عێراق سەرکۆنە کرد.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی تۆمی پیگۆت، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، ڕوبیۆ هاوخەمی خۆی بۆ خێزانی ئەو کەسانە دەربڕی کە لە هێرشەکەی ٢٤ی ئازاردا شەهید بوون و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواست.
وەزیری دەرەوە هەروەها "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی ئێران و میلیشیا تیرۆریستییە عێراقییەکانی سەر بە ئێرانی کرد دژی هاوڵاتیانی ئەمریکی و ژێرخانی وزە لە سەرانسەری عێراقدا" ئەمەش جەختکردنەوەیە لەسەر نیگەرانییە پەرەسەندووەکانی واشنتۆن سەبارەت بە زیادبوونی توندوتیژییەکان.
لە میانی پەیوەندییەکەدا، ڕوبیۆ پشتیوانی بەردەوامی ویلایەتە یەکگرتووەکانی بۆ هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە دووپاتکردەوە. هەروەها سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئاسانکاری لە هەناردەکردنی نەوتی عێراق — بە نەوتی هەرێمی کوردستانیشەوە — بۆ بازاڕەکانی جیهان.
سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی سوپاسی ڕوبیۆی کرد بۆ پەیوەندییەکە و پەیامی هاوپشتییەکەی. هەردوولا باسیان لە بابەتە گشتییەکانیش کرد، لەوانە پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی هەرێم و عێراق و ئاڵنگارییە ئابوورییە بەردەوامەکان.
ئەم پەیوەندییە دوای هێرشێکی مووشەکی کوشندە دێت لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، کاتێک مووشەکە بالیستییەکانی ئێران لە دوو شەپۆلدا پێگەکانی پێشمەرگەیان کردە ئامانج، هێرشەکان بارەگای لیوای ٧ی پیادەی سەر بە ناوچەی فەرماندەیی یەک و یەکەیەکی لیوای ٥ی پیادەیان کردە ئامانج.
لانی کەم شەش پێشمەرگە شەهید بوون و نزیکەی ٣٠ی دیکەش بریندار بوون، ئەمە خوێناویترین هێرش بوو بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە لە سەرەتای شەڕی ئەمەریکاو ئیسرائیل لەگەڵ ئێران کە ٢٨ی شوبات دەستی پێکردو تائێستا بەردەوامە.