وەزیری پەروەردە: هەر قوتابییەک نەیەویت لە قوتابخانە ئامادەبێت غیاب نادرێت و دەتوانێت بە ئۆنلاین بخوێنێت

27-03-2026 07:00

پەرەگراف- وەزارەتی پەروەردە لە ڕاگەیەندراوێکدا لەبارەی دەستپێکردنەوەی خوێندن دەڵێت: هەر قوتابییەک نەیەویت لە قوتابخانە ئامادەبێت غیاب نادرێت و دەتوانێت بە ئۆنلاین بخوێنێت.

ڕاگەیەندراوێک لە وەزارەتی پەروەردەوە:

ڕۆژی یەکشەممە ٢٩ ی ٣ ی ٢٠٢٦، دەوامی ناوەندەکانی خوێندنی حکومی، ناحکومی و نێودەوڵەتی دەستپێدەکاتەوە، بە ڕەچاوکردنی ئەم خاڵانە:
١- هەر بەخێوکارێکی قوتابی ئەگەر نەیەوێت منداڵەکەی لە پۆلی فیزیکیی قوتابخانەدا ئامادە بێت، (نەهاتن - غیابات)ی لەسەر تۆمار ناکرێت و دەتوانێت لە قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکانی خوێندنی سیستمی وەزارەتی پەروەردەدا، سوود لە پلاتفۆرمەکانی خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرێت (کە لەگەڵ ئەم ڕاگەیەندراوەدا ئاماژەی پێ دەدرێت). تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا بەگوێرەی خشتەی تاقیکردنەوەکانی قوتابخانە و وەزارەت ، لە قوتابخانە ئامادە بێت، بۆ ئەمەش پێویستە بەخێوکاری قوتابی فۆرمی تایبەت لە قوتابخانە پڕ بکاتەوە. هەروەها مامۆستایان لە ڕێگەی گرووپی قوتابخانە یان ئەپڵیکەیشنی (ئی-هەڵسەنگاندن) ئەرکی ماڵەوە بنێرن بۆ ئەو قوتابیانەی کە خوێندنی ئەلیکترۆنییان هەڵبژاردووە.
٢- قوتابیانی قوتابخانە نێودەوڵەتییەکان ئەگەر بەخێوکارەکانیان ئامادە نەبوون منداڵەکانیان بنێرنەوە قوتابخانە، پێویستە قوتابخانە نێودەوڵەتییەکە بە ڕێگەی ئۆنلاین، ئەلیکترۆنی یان هەر ڕێگەیەکی دیکە خوێندنیان بۆ فەراهەم بکات و تەنیا لە کاتی تاقیکردنەوەکاندا پێویستە لە قوتابخانە ئامادە بن.
٣- قوتابخانە بیانییەکان دەتوانن بە هەمان شێوە سوود لە خاڵی (٢) وەربگرن، یان دەتوانن بڕیار بدەن تەواوی خوێندنەکەیان بکەنە ئۆنلاین یان ئەلیکترۆنی، بەگوێرەی بڕیاری دەستەی کارگێڕیی قوتابخانەکەیان.
٤- بە مەبەستی دڵنیایی بە قوتابیانی پۆلی ١٢ی ئامادەیی و ٩ی بنەڕەتی کە تاقیکردنەوەی نیشتمانی و وەزارییان هەیە، ئاگاداریان دەکەینەوە کە وەزارەت سەبارەت بە تاقیکردنەوەکانیان ساڵنامەی خوێندنیان بۆ هەموار دەکاتەوە.
لە پۆلی ١ی بنەڕەتی تا ١٢ی ئامادەیی (قوتابخانەی حکومی و ناحکومی) دەتوانن سوود لە خوێندنی ئەلیکترۆنی وەربگرن لە ڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی-وانە) کە لە ئێستادا کارایە:
https://ewane.krd
لە پۆلی ١ تا ٦ی بنەڕەتی پلاتفۆرمی کارلێکارانەی دیجیتاڵیی (قوتابخانەکەم) ئێستا کارایە بۆ قوتابیانی قوتابخانە حکومییەکان:
https://qutabxanekem.krd

وەزارەتی پەروەردە
٢٧ ی ٣ ی ٢٠٢٦