سوودانی سەرکۆنەی کردنە ئامانجی ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک دەکات

28-03-2026 05:26

پەرەگراف- نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند "محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵەکەی نێچیرڤان بارزانی لە پارێزگای دهۆک".

نووسینگەی سوودانی دەشڵێت "سەرۆکوەزیران فەرمانی کرد بە پێکهێنانی تیمێکی ئەمنی و تەکنیکی هاوبەش لە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە، دەستنیشانکردنی تاوانباران و گرتنەبەری هەموو ڕێکارە یاساییە پێویستەکان لە دژیان".

تا ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێم هیچ زانیاری و ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی کردنە ئامانجی ماڵی نێچیرڤان بارزانی بڵاو نەکردووەتەوە.

ئەمڕۆ هەندێک لە میدیاکان کەوتنە خوارەوەی درۆنێکیان لە دهۆک ڕاگەیاند، بەڵام زانیاریی ورد لەبارەی هێرشەکەوە بڵاو نەکرایەوە.