قوباد تاڵەبانی: بە ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و زۆر بە توندی ئیدانەی دەکەین

28-03-2026 06:07

پەرەگراف- قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند: بە ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە دهۆک پەرەسەندنێکی مەترسیدارە و زۆر بە توندی ئیدانەی دەکەین.

"بیری حکومەتی فیدراڵی دەخەینەوە گروپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکان بوونەتە سەرچاوەی هەڕەشە بۆسەر سەقامگیری و ئاسایشی هەرێمی کوردستان و عێراق. هەربۆیە ئەگەر دەستبەجێ ئاژاوەگێڕەکان رانەگیرێن و رووبەڕووی سزا نەکرێنەوە، دڵنیام سبەی دەبنە هەڕەشەیەکی مەترسیدارتر بۆ سەر سەروماڵی بەرپرس و دامودەزگا فەرمییەکانی بەشەکانی تری عێراق" قوباد تاڵەبانی وادەڵێت.

پەیامەکەی قوباد تاڵەبانی دوای ئەوەدێت، نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاند، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرکۆنەی ئەو هێرشەی کرد کە کرایە سەر ماڵەکەی نێچیرڤان بارزانی لە پارێزگای دهۆک.

نووسینگەی سوودانی دەشڵێت "سەرۆکوەزیران فەرمانی کرد بە پێکهێنانی تیمێکی ئەمنی و تەکنیکی هاوبەش لە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکانی حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێم بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕەهەندەکانی ڕووداوەکە، دەستنیشانکردنی تاوانباران و گرتنەبەری هەموو ڕێکارە یاساییە پێویستەکان لە دژیان".

تا ئێستا سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دیکەی هەرێم هیچ زانیاری و ڕاگەیەندراوێکیان لەبارەی کردنە ئامانجی ماڵی نێچیرڤان بارزانی بڵاو نەکردووەتەوە.

ئەمڕۆ هەندێک لە میدیاکان کەوتنە خوارەوەی درۆنێکیان لە دهۆک ڕاگەیاند، بەڵام زانیاریی ورد لەبارەی هێرشەکەوە بڵاو نەکرایەوە.