هەرێمی کوردستان شەوێکی سەختی لە ژێر هێرشی درۆنیدا بەڕێ کرد

29-03-2026 10:54

پەرەگراف - شەوی ڕابردوو هەرێمی کوردستان روبەڕوی زنجیرەیەک هێرشی درۆنیی بووەوە کە شارەکانی هەولێرو سلێمانی و دهۆک و چەند قەزاو ناحیەیەکی گرتەوە، شوێنی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لە هەولێر و ماڵی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە دهۆک-بۆ جاری دووەم- کرایە ئامانج.

هیچ زیانێکی گیانیی بە فەرمی ڕانەگەیەندراوە لە ئەنجامی هێرشەکان و بەشێکی زۆری درۆنەکان خراونەتەخوارەوە بەوەشەوە کە ئاڕاسەی ماڵی مەسعود بارزانی کراوە، هەندێکیشیان زیانی مادییان لێکەوتووەتەوە.

هەرچەندە بڕیاربوو ئەمڕۆ خوێندن دەستپێبکاتەوە لە قوتابخانەو زانکۆو پەیمانگاکان، دوای ئەوەی لە ٤ی ئازارەوە بەهۆی شەڕی ئەمەریکاو ئیسرائیل لە دژی ئێران ڕاگیرابوو، بەڵام پارێزگارەکانی هەولێرو دهۆک و سلێمانی ئەمڕۆیان وەک پشوو ڕاگەیاند بەهۆی هێرشە چڕەکانی شەوی ڕابردوو.

درەنگانی شەوی ڕابردوو مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد کە هەر لەم ماوەیەی شەڕی ئێراندا پێنج جار هێرش كراوەتەسەر بارەگای بارزانی، وتی "بەڵام بێدەنگیمان لێ كردووە بۆ ئەوەی دڵەڕاوكێ و تووڕەیی لەناو جەماوەر دروست نەبێت".

"ئەو جۆرە هێرشانە شەڕفرۆشتنێكی ئاشكران و زوڵمێكی گەورە و زێدەڕۆیی و ناهەقیەكی گەورەن بەرانبەر هەرێمی كوردستان و دەبێ چارەسەرێكی جددی و یەكلاكەرەوەییان بۆ دابنرێت. لە ڕاستیدا ئەمە بە ئیدانەكردن و تەلەفۆن و بروسكە و لیژنە چارەسەر نابن. دەسەڵاتدارانی عێراقی دەبێ خۆیان یەكلایی بكەنەوە یان ئەوەتا ڕایبگەیێنن كە لە توانایاندا نیە ڕێگری لەو گرووپە لەیاسابەدەرانە بكەن، یانیش دەبێ بە جددی بێنە سەر هێڵ و پارێزگاری لە دەوڵەت بكەن و ئیجرائاتی جددی بكەن كە چیتر ڕێگە نەدرێت پەلامار و هێرشی ناڕەوا بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان" بارزانی وای وت.

ئەم پەرەسەندنانە لە ٣٠هەمین ڕۆژی بەردەوامیی شەڕی ئێراندایە کە لە 28ی شوباتی 2026 دەستیپێکردووە، بەپێی ئەو ئامارانەی دامەزراوەی میدیایی پەرەگراف کۆیکردووەتەوە، لە ماوەی ئەم شەڕەدا زیاتر لە 500 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک شوێنە جیاوازەکانیان لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج، هێرشەکان لەلایەن ئێران یاخود میلیشیا شیعەکانی عێراق کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانیی دەکرێن ئەنجام دراون.

لەو هێرشانەدا، لانیکەم ١٣ کەس کوژراون کە لە ناویاندا پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەربازێکی فەڕەنسی هەن. یەکێک لە ڕووداوە کوشندەکان لە ٢٤ی ئازاردا ڕوویدا، کە لە ئەنجامی بۆردومانی مووشەکی بالیستیی ئێران لە قەزای سۆران سەر بە پارێزگای هەولێر شەش پێشمەرگە شەهیدبوون.