پەرەگراف - لە ئەنجامى ئەو جەنگەى لە ناوچەکە سەرى هەڵداوە، بەرهەمهێنانى نەوت لە هەرێمى کوردستان بە ڕێژەى ٧٦% و هەناردەکردنیشى ٩٣% کەمى کردووە. وەزیرى سامانە سروشتییەکان دەڵێت "بەرهەمهێنان لە پێنج گەورەترین کێڵگەکانى نەوت ڕاگیراوە".
ئێوارەى ئەمڕۆ شەممە ٠٤-٠٤-٢٠٢٦، کەمال محەمەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، ڕایگەیاند "بەر لە دەستپێکردنى جەنگەکە، بەرهەمى نەوتى هەرێمى کوردستان گەیشتبووە ٢٦٠ بۆ ٢٧٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا. لەو بڕە ٥٠ هەزار بەرمیلى بۆ بەکارهێنانى ناوخۆ و ٢١٠ بۆ ٢١٥ هەزارى بۆ هەناردەکردن بوو".
بەپێى قسەى وەزیرى سامانە سروشتییەکان، ئێستا بەرهەمهێنان نەوت لە هەرێمى کوردستان بۆ تەنیا "٦٠ تا ٦٥ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا" دابەزیوە، ئەوەش ٥٠ هەزار بەرمیلى بۆ پێداویستیى ناوخۆیە و تەنیا "١٠ بۆ ١٥ هەزار بەرمیل" ـى بۆ هەناردەکردنە.
بە دابەزینى بەرهەمهێنان ٢٧٠ بۆ ٦٥ هەزار بەرمیل، لە ماوەى یەک مانگدا بڕى بەرهەمى نەوت بە ڕێژەى ٧٦% کەمى کردووە، هەروەها بە کەمبوونەوەى هەناردە لە ٢١٥ هەزار بەرمیلەوە بۆ تەنیا ١٥ هەزار، هەناردەکردنیش بە ڕێژەى ٩٣% کەمى کردووە.
بەپێى ڕێککەوتنى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى فیدراڵى عێراق، دەبێت هەرێمى کوردستان کۆى بەرهەمى ڕۆژانەى ڕادەستى وەزارەتى نەوتى عێراق بکات بۆ هەناردەکردن، جگە لە ٥٠ هەزار بەرمیل کە بۆ بەکارهێنانى ناوخۆیە، بەڵام بەهۆى سەرهەڵدانى جەنگ لە ناوچەکە، زۆرینەى کۆمپانیا گەورەکانى نەوت بەرهەمهێنانیان ڕاگرتووە.
لەدواى داخستنى گەرووى هورمز بەهۆى جەنگى ئەمریکا-ئیسرائیل و ئێران، هەناردەى نەوتى عێراق پەکى کەوتووە، بۆ قەرەبووى بەشێک لەو زیانە، وەزارەتى نەوتى عێراق ئێستا نەوتى کەرکووک لە ڕێگەى بۆریى هەرێمى کوردستانەوە بۆ بەندەرى جەیهانى تورکى و لەوێوە بۆ بازاڕەکانى جیهان هەناردە دەکات.
کەمال محەمەد، وەزیرى سامانە سروشتییەکان بەوەکالەت، دەڵێت "ڕۆژانە ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەى بۆریى هەرێمى کوردستانەوە هەناردە دەکرێت، لەو بڕە ١٨٠ هەزار بەرمیلیان نەوتى کەرکووک و ئەوى دیکەى هى هەرێمى کوردستانە".