ترەمپ بە جنێوەوە هەڕەشەى پێچانەوەى وێستگەى کارەبا و پردەکانى ئێران دەکات

05-04-2026 03:55

پەرەگراف - دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانى ئەمریکا، هەڕەشەیەکى توندى جنێوئامێز لە ئێران دەکات و هۆشدارى دەکات کە ئەگەر تا سێشەممە گەرووى هورمز نەکەنەوە، وێستگەکانى کارەبا و پردەکانى ئێران دەپێچێتەوە.

ترەمپ لە پەیامێکدا دەڵێت "ڕۆژی سێشەممە لە ئێران دەبێتە ڕۆژی وێستگەکانی کارەبا و پردەکان، هەمووی پێکەوە لە یەک ڕۆژدا دەپێچینەوە".

سەرۆکى ئەمریکا بە هەڕەشەى جنێوئامێزیشەوە بە ئێران دەڵێت "ئەو گەرووە نەفرەتییە بکەنەوە ئەی زۆڵە شێتەکان، ئەگینا ژیانتان دەکەین بە دۆزەخ". لە کۆتاییشدا دەڵێت "تەنیا چاوەڕێ بکەن! سوپاس و ستایش بۆ خودا".

ڕۆژى سێشەممە ٠٧-٠٤-٢٠٢٦، ئەو مۆڵەتە تەواو دەبێت کە ترەمپ بۆ ئێرانى داناوە بۆ کردنەوەى گەرووى هورمز، بە پێچەوانەوە هەڕەشەى تەقاندنەوەى وێستگەکانى کارەبا و بەرزەپردەکانى ئەو وڵاتە دەکات.

دوێنێش لە هەڕەشەیەکی تووندى دیکەدا لە دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند "خەریکە کات کۆتایی دێت، 48 کاتژمێر ماوە کە دەرگای دۆزەخ بەسەرتاندا بکرێتەوە".

لە وەڵامى هەڕەشەکانى سەرۆکى ئەمریکادا، سوپاى پاسدارانى ئێران هەڕەشەى ئەوە دەکات کە سەرجەم بنکە و بەرژەوەندییەکانى ئەمریکا لە ناوچەکەدا بەئامانج دەگرێت.