پەرەگراف- دۆناڵد ترەمپ ڕایگەیاند، لەو گروپە زۆر توڕەیە کە چەکیان پێدا ناردوون بۆ گەلی ئێران، بەڵام نەیان گەیاندووە و هەڵیانگرتووە بۆخۆیان، دەشڵێت "ئەوان باجێکی گەورە لەسەر ئەوە دەدەن".
سەرۆکی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی گوت، گەلی ئێران دەچنە سەر شەقام، دەمودەست تەقەیان لێ دەکرێت، "ئەوان چەکیان نییە. دەزانیت، ئێمە هەندێک چەکمان نارد، بەڵام ئەو گروپەی کە بڕیار بوو چەکەکان بدەن (بە خەڵکەکە)، من پێشتر بە خەڵکەکەی خۆمم وتبوو کە چی ڕوودەدات، ڕێک وەک ئەوە دەرچوو کە وتم. ئێمە چەکمان نارد، چەکێکی زۆر، بڕیار بوو بگاتە دەستی خەڵکەکە بۆ ئەوەی بەرەنگاری ئەم پیاوکوژانە ببنەوە. دەزانیت چی ڕوویدا؟ ئەو کەسانەی کە چەکەکانیان پێدا نێردرابوو، بۆ خۆیان هەڵیانگرت، چونکە وتیان 'چ چەکێکی جوانە، پێم وایە بۆ خۆمی دەهێڵمەوە'."
"بۆیە من لە گروپێکی دیاریکراو زۆر تووڕەم و ئەوان باجێکی گەورە لەسەر ئەوە دەدەن. بەڵام گەلی ئێران هەر کە زانییان چیتر تەقەیان لێ ناکرێت و هەر کاتێک چەکیان دەستکەوت، بەرگری دەکەن" ترەمپ وای وت.
هەرچەندە ترەمپ ناوی ئەو گروپەی نەهێنا، بەڵام دوێنێ ترەی یینگست، پەیامنێری کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمەریکی بڵاویکردەوە کە قسەی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کردوەو چەند زانیارییەکی بڵاوکردەوە لە زاری ترەمپەوە.
بەوتەی ئەو پەیامنێرەی فۆکس نیوز، ترەمپ وتویەتی کە ئەمەریکا لە سەرەتای ئەمساڵدا لە ڕێگەی کوردەوە بڕێکی زۆر چەکی بۆ خۆپیشاندەرانی ناوخۆی ئێران ناردووە، بەڵام پێی وایە کورد چەکەکانیان بۆ خۆیان هەڵگرتووە و نەگەیشتووەتە دەست خۆپیشاندەران. هاوکات حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەتی دەکەنەوە کە ئەوان چەکیان لە ئەمەریکا وەرگرتبێت.