ئەمڕۆ ٣٨هەمین ساڵیادی ئەنفالە؛ حکومەتی هەرێم جەخت لە قەرەبووکردنەوە دەکات لەلایەن بەغداوە

14-04-2026 10:51

پەرەگراف- ئەمڕۆ ٣٨هەمین ساڵیادی ئەنفالی گەلی کوردە، سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە پەیامێکدا جەخت دەکاتەوە کە پێویستە حکومەتی عێراق "بەرپرسیاریەتی ئەخلاقی و دەستووری خۆی جێبەجێ بکات و بە شێوەیەکی شایان، قەرەبووی بنەماڵە و کەسوکاری ئەو شەهید و ئەنفالکراوانەی کوردستان بکاتەوە".

مەسرور بارزانی دەڵێت "شاڵاوە بەدناوەکانی ئەنفال، یەکێک لە دڕندانەترین شاڵاوەکانی پاکتاوی نەژادی و جێنۆساید بوون کە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراق لە دژی گەلی کوردستان ئەنجامدرا و بووە هۆی بێسەروشوێن بوون و شەهیدکردنی هەزاران خەڵکی بێتاوانی کوردستان و خاپوورکردنی هەزاران گوند و دێهاتی کوردستان."

"ئەم جێنۆساید و کۆمەڵکوژیانەی بەرانبەر خەڵکی کوردستان کران ، پێویستە هەمیشە لە یادماندا بمێنن و نەوەکانمان بزانن کە دەستکەوتەکانی ئێستامان بە ئاسانی بەدەست نەهاتوون و کەسیش خێری پێ نەکردووین، بەڵکوو بەرهەمی خەبات و خوێنی هەزاران شەهیدی سەربەرزی کوردستانە" سەرکوەزیران وادەڵێت.

لە شاڵاوەكانی ئەنفال، رژێمی بەعس لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا هەزاران كورد-لە نێویاندا ژن و منداڵ-ی لە ناوچەكانی كوردستانەوە بردە بیابان و ناوچە دورەدەستەكانی باشوری عێراق، لەوێ كوژران و زیندەبەچاڵكران لە دەیان گۆڕی بە كۆمەڵدا، كە هێشتا گەڕان و دۆزینەوەیان بەردەوامە.

دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتن لەسەر كەیسی ئەنفال، ساڵی 2007 پاڵپشت بە بەڵگە و وتەی شایەدحاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان، پڕۆسەكانی شاڵاوی (ئەنفال)ـی بە جینۆساید ناساند.

شاڵاوەكانی ئەنفال، لە ساڵی 1988 بۆ ماوەی حەوت مانگ بەردەوام بوو (شوبات بۆ ئەیلول)، لەو ماوەیەدا بە هەشت قۆناغ و لە هەشت ناوچەی جیاوازی كوردستان ڕژێمی بەعس زیاتر لە 182 هەزار كەسی بێسەروشوێن كرد و دواتر كۆمەڵكوژكران، جگە لە وێرانكردنی هەزاران گوند.