سوودانی: بە خەمێکی قووڵەوە یادی ٣٨ساڵەی تاوانی ئەنفال دەکەینەوە

14-04-2026 10:55

پەرەگراف- سەرۆکوەزیرانی عێراق محەمەد شیاع سوودانی پەیامێکی لەبارەی ساڵیادی ئەنفالی گەلی کورد بڵاوکردەوەو دەڵێت: بە خەمێکی قووڵ و بەبیرهێنانەوەیەکی پڕ لە ئازارەوە یادی 38 ساڵەی ئەو تاوانە ڕەگەزپەرستانە دەکەینەوە، کە لە لایەن ڕژێمی دیکتاتۆری لە ناوچوو و باندە تاوانکارییەکانیەوە دژ بە ڕۆڵەکانی گەلی کوردمان لە "شاڵاوە دڕندەکانی ئەنفال"ـدا ئەنجام دران.

"لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا و پێش زیاتر لە سێ دەیە گەلی کوردی ئاشتیخوازمان لە شار و شارۆچکە و گوندەکان ڕووبەڕووی قێزەونترین شێوەی کوشتن و ئەشکەنجە بوونەوە، بەدەر لە هەموو بەها و داب و نەریت و یاساکان" سوودانی وادەڵێت.

دەشڵێت "هاوکات لەگەڵ یادکردنەوەی ئەم شاڵاوە تاوانکارییە لە دژی ڕۆڵەکانی گەلی کوردمان، ئەمڕۆ شانازی بە یەکڕیزی وڵاتەکەمان و برایەتی پێکهاتە و نەتەوە هەمەچەشنەکانیەوە دەکەین، لە چوارچێوەی سیستەمێکی دیموکراسی و دەستووری و فرەییدا، کە هەموو عێراقییەکان بە شکۆمەندی و ئازادی و بەبێ هیچ جیاوازی و بەئامانجگرتنێک لە سایەیدا دەژین. درود بۆ گیانی پاکی شەهیدانی عێراق و شەرمەزاری و ڕووڕەشی بۆ ستەمکاران و تاوانباران و بکوژان".

لە شاڵاوەكانی ئەنفال، رژێمی بەعس لە هەشتاكانی سەدەی رابردوودا هەزاران كورد-لە نێویاندا ژن و منداڵ-ی لە ناوچەكانی كوردستانەوە بردە بیابان و ناوچە دورەدەستەكانی باشوری عێراق، لەوێ كوژران و زیندەبەچاڵكران لە دەیان گۆڕی بە كۆمەڵدا، كە هێشتا گەڕان و دۆزینەوەیان بەردەوامە.

دادگای باڵای تاوانەكانی عێراق لە پاش چەندین دانیشتن لەسەر كەیسی ئەنفال، ساڵی 2007 پاڵپشت بە بەڵگە و وتەی شایەدحاڵەكان و لەژێر ڕۆشنایی ڕێككەوتننامە و پەیماننامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكان، پڕۆسەكانی شاڵاوی (ئەنفال)ـی بە جینۆساید ناساند.

شاڵاوەكانی ئەنفال، لە ساڵی 1988 بۆ ماوەی حەوت مانگ بەردەوام بوو (شوبات بۆ ئەیلول)، لەو ماوەیەدا بە هەشت قۆناغ و لە هەشت ناوچەی جیاوازی كوردستان ڕژێمی بەعس زیاتر لە 182 هەزار كەسی بێسەروشوێن كرد و دواتر كۆمەڵكوژكران، جگە لە وێرانكردنی هەزاران گوند.