بۆ یەکەم جار پارێزگاری کەرکووک بۆ تورکمان؛ هەنگاوێکی دیکەی یەکێتی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ تورکیا

15-04-2026 04:46

پەرەگراف - سبەینێ بۆ یەکەم جار تورکمانێک دەبێتە پارێزگاری کەرکووک. یەکێتی ژمارەیەک پۆستی دیکە وەردەگرێت و هەنگاوێکی نوێش بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا دەنێت.

کاتژمێر 12:00ـی نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە 16-04-2026، ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بۆ دەستبەرداربوونی ڕێبوار تەها لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک و هەڵبژاردنی پارێزگارێکی نوێ کۆدەبێتەوە.

پێکهاتەی تورکمان کە خاوەنی دوو کورسیی ئەنجوومەنی پارێزگایە، بەشێک نەبوو لە ڕێککەوتنی پێکهێنانی ئیدارەی کەرکووک و لەگەڵ پارتی و بەشێک لە پێکهاتەی عەرەب بایکۆتیان کرد، بە ڕێککەوتنێکی نوێ دەگەڕێتەوە ناو کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ئیدارەی کەرکووک.

محەمەد سەمعان، سەرۆکی بەرەی تورکمانیی عێراقی، کاندیدە بۆ پۆستی پەرێزگاری کەرکووک. سەمعان ڕۆژی 14ـی ئەم مانگە لە بەغداد لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانی کۆبووەوە.

ڕێبوار تەها، پارێزگاری کەرکووک، ماوەی 18 مانگ لەو پۆستەدا بووە. سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "دوای وەرگرتنەوەی پارێزگار لێی، ژمارەیەک پۆستی دیکە بە یەکێتی دەدرێن، ئەوانیش یاریدەدەرێکی پارێزگار، بەڕێوەبەری پۆلیسی کەرکووک و قائیمقامی قەزای داقووقن".

بەم ڕێککەوتنە نوێیەی نێوان لایەنەکان، یەکێتی هەنگاوێکی دیکەی بە ئاراستەی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا نا، بەوپێیەی ئەنقەرە گرنگییەکی زۆر بە پێگەی تورکمانەکان لە کەرکووک دەدات و بەردەوام فشاری کردووە بۆ وەرگرتنی یەکێک لە پۆستە باڵاکانی پارێزگاکە بۆ ئەو پێکهاتەیە، کە لەدوای ساڵی 2003 ئەمە یەکەم جارە پارێزگارێکی تورکمان بۆ کەرکووک هەڵدەبژێردرێت.

پۆستی پارێزگاری کەرکووک بەپێی ڕێککەوتنێک لە شەوی 10-08-2024 لەنێوان نۆ ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە هۆتێل ڕەشید لە بەغداد بۆ یەکێتی یەکلا بووەوە، کە پێکهاتبوون لە پێنج ئەندامی یەکێتی و سێ ئەندامی پێکهاتەی عەرەب و یەک ئەندامی پێکهاتەی مەسیحی، پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنیش درا بە پێکهاتەی عەرەب.

دوای ئەم ڕێککەوتنە نوێیە، بەرەی بایکۆت و ناڕازی لەناو ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بچووکتر دەبێتەوە، تەنیا دوو ئەندامی پارتی و سێ ئەندامی پێکهاتەی عەرەب کە ڕاکان جبووری هاوڕێکانین، دەمێننەوە، لە کاتێکدا بەرەی پێکهێنەری ئیدارەی کەرکووک دەبن بە 11 ئەندام.