ئەمریكا دەڵێت بەپێی ئەم ڤیدیۆیە ئێران بەشداربووە لە هێرشكردنەسەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكان

14-06-2019 04:29
چەند كەسێك لەسەر بەلەمێك هەوڵی لێكردنەوەی تەنێك دەدەن لە یەكێك لەو دوو كەشتییەی هێرشیان كرایەسەر.

پەرەگراف

ئەمەریكا گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاوكردەوە بۆ سەلماندنی ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی ئێرانی كردووە بەوەی لە پشت هێرشكردنەسەر كەشتییە نەوتهەڵگرەكانی كەنداوی عوممانەوەیە.

لە گرتە ڤیدیۆییەكەدا بەلەمێكی بچوك دەردەكەوێت كە چەند كەسێكی لەسەرەو لە یەكێك لەو كەشتییانە نزیك دەبێتەوە كە هێرشی كراوەتەسەر، سوپای ئەمریكا دەڵێت "ئەو بەلەمە ئێرانییەو هەوڵی لێكردنەوەی‌ مینێكی نەتەقیو لە پەیكەری كەشتی نەوتهەڵگری ژاپۆنی كۆكۆرا كریسۆس دەدات"، كە یەكێك لەو دوو كەشتییە نەوتهەڵگرەیە دوێنێ پێنجشەممە لە كەنداوی عومان هێرشیان كرایە سەر.

لە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێت یەكێك لە سەرنشینانی بەلەمەكە لەسەر لێواری بەلەمەكە دەوەستێت و تەنێك لە پەیكەری كەشتییەكە دەكاتەوە،‌ سوپای ئەمریكا دەڵێت، ئەو تەنە مینێكی نەتەقیوە.

ئەمریكا پێیوایە ئێرانییەكان بەو كارەیان دەیانەوێ "بەڵگەكانی تێوەگلانیان" لە هێرشەكە بشارنەوه.

 

هێرشكردنەسەر ئەو دوو كەشتییە كاردانەوەی فراوانی لێكەوتەوەو ئەنجوومەنی ئاسایش ئیدانەی دەكات‌و داوای لێكۆڵینەوەی ورد و بێلایەنانە دەكات.

لەسەر داوای ئەمریكا، ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان لەبارەی هێرش بۆ سەر دوو كەشتییە نەوتهەڵگرەكەی دەریای عوممان كۆبووەوە.

مەنسوور عوتەیبی، باڵیۆزی كوەیت لە نەتەوەیەكگرتووەكان و سەرۆكی ئەم خولەی ئەنجوومەنی ئاسایش، ڕایگەیاند "ئەنجوومەنی ئاسایش بە كۆی دەنگ ئیدانەی هێرشەكەی كرد و داوای لێكۆڵینەوەی ورد و بێلایەنانە دەكات".

جانەسن كەون، باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان، لە كۆتایی كۆبوونەوەكەدا وتی "ئەمریكا، ئێران بە هۆكاری هێرش بۆ سەر كەشتییە نەوتییەكان دەزانێت".

باڵیۆزی ئەمریكا لە نەتەوەیەكگرتووەكان جەختی لەوە كردەوە وڵاتەكەی درێژە بە فشارە ئابووری و دیبلۆماسییەكان بۆ سەر ئێران دەدات و وتی "ئێران دەبێت بە دیبلۆماسیەت ڕووبەڕووی ئەمریكا ببێتەوە، نەك تیرۆر و تەقاندنەوەی كەشتییە نەوتییەكان".

بەر لە كۆبوونەوەكەی ئەنجوومەنی ئاسایش، مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ئێرانی بە ئەنجامدانی هێرشەكە تۆمەتبار كرد.

پۆمپیۆ وتی "بەپێی زانیارییە هەواڵگرییەكانی بەردەستمان و ئەو چەكانەی لە هێرشەكەدا بەكار هاتوون، ئێران بەرپرسە لەو كارە. لەو ناوچەیەدا هیچ گرووپێكی بریكار بوونی نییە كە توانای ئەو هێرشەی هەبێت. ئەم هێرشە یەكێكە لەو هێرشە مەترسیدارانەی كە ئێران كردوویەتیە سەر ئەمریكا و هاوبەشەكانی. هێرشەكە هەڕەشەیەكی ئاشكرایشە بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و ئازادیی گەشت لە دەریادا".

هێرش بۆ سەر دوو كەشتیی زەبەلاحی نەوتهەڵگر لەناو دەریای عوممان و لە كەناراوەكانی ئێران، كاردانەوەی توندی نێودەوڵەتیی لێكەوتووەتەوە.

ئێرانیش كە نزیكترین وڵاتە لە ڕووداوەكەوە، سەرەڕای ئیدانەكردن، ئەنجامدانی ئەو هێرشەی لە كاتێكدا سەرۆكوەزیرانی یابان لە تاران بووە، بە ڕووداوێكی گوماناوی ناوبرد.

هاوكات وەزیری بازرگانیی یابان ئاشكرای كرد ئەو دوو كەشتییەی كە كراونەتە ئامانج، نەوتیان بۆ وڵاتەكەی دواستووەتەوە.

یوتادا كاتادا، سەرۆكی كۆمپانیای كوكوكا سانیۆی یابانی كە خاوەنی كەشتیی"Kokuka Courageous" كە یەكێكە لەو دوو كەشتییەی لە كەنداوی عومان هەێرشی كراوەتە سەر، دەڵێت "كەشتییەكە بە مووشەك كراوەتە ئامانج".

كەشتیی فرۆنت ئاڵتەر دوای هێرشەكە

نزیكترین خاڵ لە هێرشەكەوە بەندەری جاسكە لە پارێزگای هورمزگانی باشووری ئێران، كە دەكەوێتە سەر دەریای عوممان و 30 كیلۆمەتر لە ڕووداوەكەوە دوورە. هەروەها خاڵێكی نزیكە لە گەرووی هورمزەوە و دەكەوێتە ڕۆژهەڵاتی گەرووەكەوە. هەر ئەوەش وای كرد ئێران لەلایەك وەكو تۆمەتباری یەكەم تەماشا بكرێت، لە لایەكی دیكەشەوە بەشێك لە سەرنشین و خزمەتگوزارەكانی ناو كەشتییەكان لەلایەن تیمە فریاگوزارییەكانی ئێرانەوە ڕزگار بكرێن و بۆ ئەو بەندەرە بگوازرێنەوە.

ماڵپەڕی تینك تراكەر (TankeTracker) كە لە ڕێگەی مانگی دەستكردەوە چاودێریی جووڵەی كەشتییە نەوتهەڵگرەكان دەكات، بە بڵاوكردنەوەی ژمارەیە وێنە و نەخشەی ڕووداوەكە ڕوونكردنەوەیەكی داوە كە لە بەرژەوەندیی ئێرانە.

ماڵپەڕەكە دەڵێت "هەرچەندە كەشتییەكان لە كەناراوەكانی ئێراندا كراونەتە ئامانج، بەڵام لە لایەكەوە زیانیان پێ‌ گەيشتووە كە لە ڕووی ئێرانەوە نەبووە".

بەهۆی هێرش بۆ سەر ئەو دوو كەشتییە، نرخی نەوت بە ڕێژەی لەسەدا چوار و پۆینت سێ‌ بەرز بووەوە و نرخی یەك بەرمیل گەیشتە 63 دۆلار و 53 سەنت.

وتەبێژی كۆشكی كۆماریی ڕووسیا دەڵێت "بە سەرنجدان لە كەمیی زانیارییەكان، هێشتا زووە بۆ دەستنیشانكردنی ئەنجامدەری هێرشی سەر دوو كەشتییەكە". دیمتری پسكۆف وتیشی "هیچ كەسێك نازانێت كێ‌ لە پشت هێرشەكەوە بووە".

نەتەوە یەكگرتووەكان و یەكێتیی ئەورووپا و زۆرینەی وڵاتانی ناوچەكە و جیهان سەبارەت بە ڕووداوەكە نیگەرانن و ئیدانەی هێرشەكەیان كردووە. لە كاردانەوەكاندا داوای لێكۆڵینەوەی ورد و بێلایەنانە و هێوركردنەوەی بارگرژییەكانی كەنداو كراوە.

سەر لە بەیانیی ڕۆژی پێنح شەممە، 14ی حوزەیران، لە دەریای عومماندا هێرش كرایە سەر دوو كەشتیی زەبەلاحی نەوتهەڵگر. كەشتیی (FRONT ALTAIR)ی كۆمپانیای فرەنتلاینی نەرویجی، كە ئاڵای كۆماری دوورگەكانی مارشاڵی بەسەرەوە بووە، هەروەها كەشتیی (KOKUKA COURAGEOUS)ی كۆمپانیای بی ئێم ئێسی سەنگاپوورە كە ئاڵای پەنەمای بەسەوە بووە.

بەپێی میدیا ئێرانییەكان، كەشتیی یەكەم لە كاتژمێر هەشت و 50 كولەكی بەیانی و كەشتیی دووەمیش لە كاتژمێر نۆو 50 خولەك هێرشیان دراوەتە سەر.

سەرجە سەرنشینەكانی ناو دوو كەشتییەكە لەلایەن هێزی دەریایی ئەمریكا و ئێرانەوە ڕزگار كراون. ئاگری هەردوو كەشتییەكەش كۆنترۆڵ كراوە و ژێر ئاو نەكەوتوون، بەڵام زیانی گەورەیان پێ‌ گەیشتووە.

مانگێك لەمەوبەریش چوار كەشتیی نەوتهەڵگر كە ئاڵای سعوودیە و ئیمارات و نەرویجیان لەسەر بووە، لە نزیكی بەندەری فوجەیرەی ئیمارات ڕووبەڕِووی هێرش بوونەوە. ئەو سێ‌ وڵاتەش لە ڕاپۆرتێكدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتوووەكان ڕایانگەیاند "هێرشەكە ڕێكخراو بووە و بە ئەگەری زۆر لەلایەن دەوڵەتێكەوە ئەنجام دراوە".

ئەم ڕووداوانە لە كاتێكدان كە بارگرژییەكانی نێوان ئێران و ئەمریكا لە پەرەسەندندان. ئەمریكا ڕایگەیاندووە ئامانجی سفركردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێرانە، تارانیش هەڕەشەی ئەوە دەكات ئەگەر ڕێگری لە هەناردەی نەوتی وڵاتەكەی بكرێت، ئەویش ڕێگە بە تێپەڕینی كەشتییە نەوتییەكان لە گەرووی هورمزەوە نادات.

گەروی هورمز بە "دەم"ی كەنداوی عەرەب (یاخود كەنداوی فارس) دادەنرێت‌و گەورەترین ڕێڕەوی جیهانییە بۆ هاتوچۆی كەشتییە نەوتییەكان، دەوروبەری لەسەدا 30 بازرگانی دەریایی نەوت لەو گەرووەوە ئەنجامدەدرێت.

گەروی هورمز شوێنێكی ستراتیژییە بۆ وڵاتانی كەنداوی عەرەب بەوپێیەی تاكە ڕێڕەوی دەرچوونە لە كەنداوەكە، ئەگەر ئەو گەرووە دابخرێت، ئەو وڵاتانە ڕوبەڕوی كێشەی قورسی ئابوری دەبنەوە كە بریتین لە؛ عێراق، كوەیت، سعودیە، بەحرەین‌و قەتەر.