پەرەگراف- سەرباری ئاگربەستی نێوان ئەمەریکاو ئێران و وەستانی شەڕ، بەڵام هێرشی مووشەکی و درۆنی بۆسەر حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەرێمی کوردستانن بەردەوامەو ئەمڕۆ سێ پێشمەرگەی دیموکرات شەهید بوون.
حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران ڕایگەیاند: "هێرشی مووشەکیی کۆماری ئیسلامیی ئێران بۆ سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان شەهید و برینداری لێ کەوتەوە. کۆماری ئیسلامیی ئێران دوانیوەڕۆی ڕۆژی هەینی، ٢٨ی خاکەلێوە بە دڕۆن و مووشەک شەپۆلێکی نوێی هێرشی کردەوە سەر کەمپە مەدەنییەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران. بەو هۆیەوە باوک و کوڕێک شەهید و بریندار بوون. لەو پەلامارەدا شاهین ئازەربەرزین، شەهید بووە و نادر ئازەربەرزین، باوکی شاهین بە توندی بریندار بووە".
"هەروەها لە هێرشێکی دیکە بۆ سەر پۆلێک لە پێشمەرگەکانی حیزب دوو پێشمەرگەی کچ بە ناوەکانی نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری شەهید و چەند پێشمەرگەیەکی دیکە بریندار بوون" حیزبی دیموکرات وادەڵێت.