ئاماری پەرەگراف؛ ٢٠ شەهید هەن لە هێرشە درۆنی و مووشەکییەکانی سەر هەرێم

18-04-2026 04:46

پەرەگراف- بەپێی ئەو ئامارانەی لەلایەن دامەزراوەی میدیایی پەرەگراف لە سەرەتای شەڕی ئێرانەوە لە 28ی شوبات کۆکراونەتەوە، لانی کەم ٢٠ کەس کە پێکهاتوون لە پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان، پێشمەرگەو ئەندامانی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران، هاووڵاتییانی مەدەنی و کارمەندانی ئەمنی، لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی ئێران و میلیشیا عێراقییەکانی سەر بەو وڵاتە بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی هەرێمی کوردستان شەهیدبوون.

دەوروبەری ١٠٠ کەسی دیکەش لەو هێرشانەدا بریندار بوون، کە بەشێک لە شەهیدو بریندارەکان دوای ئاگربەستی دوو هەفتەیی نێوان ئەمریکا و ئێران بووە کە لە ٨ی نیسان ڕاگەیەندرا، ئەوەش هاوکات بوو لەگەڵ ٤٠هەمین ڕۆژی شەڕەکە.

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێم ئەمڕۆ ڕایگەیاند، بە توندترین شێوە هێرشەکانی سەر  هەرێمی کوردستان شەرمەزار دەکەن، "هەرچەندە ئێمە بەشێکیش نەبووین لەو شەڕە، کەچی هێرشەکان لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردووشدا هەر بەردەوام بوون".

"دووپاتی دەکەینەوە کە پێویستە حکومەتی فیدراڵ ڕێوشوێنی کردەیی بگرێتەبەر بۆ کۆتاییهێنان بەم هێرشانە و داوا لە هاوبەشە نێودەوڵەتییەکانمان دەکەین کە کەرەستەی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتییانی کوردستان و ژێرخانی وزە ، لەم هەڕەشە بەردەوامانە دابین بکەن" مەسرور بارزانی وای وت.

تۆماری هێرشە کوشندەکان بەپێی پەرەگراف:

لە ١٧ی نیسان، لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر کەمپی نیشتەجێبوون و پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر، دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی (نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری) و (شاهین ئازەربەرزین) کە کوڕی پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبەیە، شەهید بوون.

لە ١٤ی نیسان، غەزەل مەولان خەڵکی مەهاباد و ئەندامی کۆمەڵە، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە لە هێرشێکی درۆنی بۆسەر بارەگای ئەو حیزبە لە ناوچەی سوورداش لە قەزای دووکانی پارێزگای سلێمانی، شەهید بوو.

هەروەها لە ٧ی نیسان، وەیسی ئاخر، پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان شەهید بوو، دوای مانەوەی بۆ چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە بەهۆی برینداربوونی لە هێرشێکی موشەکی بۆ سەر بارەگای پێشمەرگە لە سۆران لە ٢٤ی ئازاردا.

ڕۆژی ٧ی نیسانیش موسا ئەنوەر و مژدە ئەسعەدی هاوسەرەی شەهید بوون، دوای ئەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ماڵەکەیانی دا لە گوندی زەرگەزەوی لە ناحیەی دارە شەکرانی سەر بە پارێزگای هەولێر.

هێرشێکی دیکەی خوێناویی شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگەو برینداربوونی ٣٠ی دیکە بوو لە ٢٤ی ئازار بە مووشەکی بالیستیی ئێران کە بارەگای هێزی پێشمەرگەی لە قەزای سۆران کردە ئامانج.

لە ١٣ی ئازاریشدا، ئیقباڵ ساڵحی خەڵکی سەقز و فەخرەدین مورادی خەڵکی سنە — کە هەردووکیان پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بوون — لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر پێگەکانیان لە بەرزاییەکانی باشیک شەهید کران.

ڕۆژێک پێش ئەوە، ئارنۆ فریۆن، پلەدارێکی سوپای فەڕەنسا کوژرا کاتێک درۆنەکان بنکەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و فەڕەنسایان لە ناوچەی مەخمووری پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.

لە پارێزگای سلێمانی، ئومێد وەیسی پێشمەرگەی کۆمەڵەی ئێران، لە ١١ی ئازاردا بەهۆی هێرشی درۆن و مووشەک بۆ سەر گوندی زڕگوێزەڵە شەهیدبوو.

هێرشێکی دیکە لە هەمان گوند لە ٧ی ئازاردا بووە هۆی شەهیدبوونی ئیسماعیل ڕەحیمی پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران.

هەر لە ٧ی ئازاردا، وڵات تاهیر، ئەندامی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بوو، دوای شەپۆلێک لە هێرشی درۆن بۆ سەر شارەکە شەهید کرا.

لە سەرەتای شەڕەکەدا و لە ٤ی ئازاریشدا، جەلال ڕەشیدی، پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر بنکەکانی ئەو پارتە لە نزیک دێگەڵە لە هەولێر شەهید کرا. 

لەناو دەوروبەری ١٠٠ بریندار لە هەرێمی کوردستان بەهۆی ئەو هێرشانەوە، پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان و پێشمەرگەی حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی کوردستانی ئێران، هاووڵاتیانی مەدەنی و سەربازانی فەڕەنسی هەن.