فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تاکاتێکی نادیار ڕاگەیاند

18-04-2026 09:23

 پەرەگراف- فراکسیۆنی پارتی لە  پەرلەمانی عێراق بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی تاکاتێکی نادیار ڕاگەیاند، ئەوە یەکەم هەڵوێستی ئەوحیزبەیە لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆماری عێراق کە بووەهۆی نیگەرانیی پارتی و تیمی پارتی لە حکومەت و پەرلەمان بۆ ڕاوێژ گەڕانەوە هەولێر، هەفتەی ڕابردووش تیمی وەزاریی پارتی بایکۆتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی کرد.

راگەیەندراوێک لە فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق

دوای ئەوەی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەستوور و یاسا پێشێل کران و بنەماکانی (هاوبەشی، هاوسەنگی و سازان) پشتگوێ خران، لێرەوە رایدەگەیەنین:

لەسەر رێنمایی و راسپاردەی سەرکردایەتیی خۆمان، بڕیارماندا بە بایکۆتکردنی دانیشتنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران تا کاتێکی نادیار.

جەخت دەکەینەوە کە پاراستنی مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان و پاراستنی شەرعییەتی پڕۆسەی سیاسی، لە سەرووی هەموو بەرژەوەندییەکانەوەیە.

فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان

18ی نیسانی 2026