ترەمپ: لە گفتوگۆداین. ئێران: پێشنیازێکى نوێمان بەدەست گەیشتووە

18-04-2026 09:52

پەرەگراف - سەرۆکى ئەمریکا لەگەڵ جەختکردنەوە لەسەر بەردوامیى گفتوگۆکان لەگەڵ ئێران، باس لە ئەگەرەکانى دواى شکستى گفتوگۆ و کۆتاییهاتنى ئاگربەستیش دەکات. هاوکات ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران پشتڕاستى دەکاتەوە کە پێشنیازێکى نوێى لە ئەمریکاوە بەدەست گەیشتووە و سەرقاڵى تاوتوێکردنیەتى.

بەرەبەیانى چوارشەممە ٢٢-٠٤-٢٠٢٦، ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەى نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایى دێت. وادەکە کەمتر لە چوار ڕۆژى ماوە. هەوڵەکانى پاکستانى نێوەندگیر و وڵاتانى دیکەى ناوچەکە و جیهانیش بۆ بەردەوامیدان بە ئاگربەست و دانوستان چڕ کراونەتەوە.

ئەمڕۆ ١٨-٠٤-٢٠٢٦، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکى ئەمریکا، لە نوێترین لێدوانیدا دەربارى ئێران ڕایگەیاند "ئێستا لە گفتوگۆداین و چاوەڕوانیمان ئەوەیە هەموو شتێک بە باشى بەرەوپێش بچێت". بە قسەى ترەمپ "لەبارەى زۆربەى بابەتەکانەوە گفتوگۆ و ڕێککەوتن کراوە".

دۆناڵد ترەمپ خوازیارە لەم چەند ڕۆژەى ئاگربەست کە ماوە، بەرەوپێشچوون لەگەڵ ئێران بێتە کایەوە، بە پێچەوانەوە هۆشدارى دەدات کە "ڕەنگە ئاگربەست درێژ نەکەمەوە و گەمارۆى دەریاییش بەردەوام دەبێت". دەشڵێت "بەداخەوە، ڕەنگە ناچار بم بۆردومان دەست پێ بکەمەوە".

سەرۆکى ئەمریکا جارێکى دیکە جەخت لە وەرگرتنى یۆرانیۆمى پیتێنراو لە ئێران دەکاتەوە و ڕایدەگەیەنێت کە "بە ڕێککەوتن بێت یان بە شێوازێکی نادۆستانە"، ئەو کارە دەکەن.

ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران لە ڕاگەیەندراوێکى نوێدا ئاشکراى دەکات کە لە فەرماندەی سوپای پاکستان لە سەفەرەکەى چەند ڕۆژ لەمەوبەرى بۆ تاران، "پێشنیازی نوێ" ـى ئەمریکاى ڕادەستى ئێران کردووە. ئەنجوومەنەکە دەڵێت "سەرقاڵى تاوتوێکردنى پێشنیازەکەین و هێشتا وەڵاممان نەداوەتەوە".

هەرچەندە بەپێى ئاگربەستەکە، ئێران گەرووى هورمز بە ڕووى هاتووچۆى بازرگانیدا کردەوە، بەڵام زۆر درێژەى نەکێشا، ئێران بە پاساوى پێشێلکردنى ئاگربەستى سەرتاسەرى لەلایەن ئیسرائیلەوە کە هێرشەکانى بۆ سەر حزبوڵڵا بەردەوام بوو، گەردووەکەى داخست، لە بەرانبەردا ئەمریکاش گەماۆرى دەریایى خستە سەر بەندەرەکانى ئێران.

ئەنجوومەنى باڵاى ئاسایشى نەتەوەیى ئێران دەڵێت "تا ئەو کاتەی دوژمن (ئەمریکا) مەبەستی بێت کێشە بۆ هاتووچۆی کەشتییەکان دروست بکات، یان گەمارۆی دەریایی بسەپێنێت، کۆماری ئیسلامیی ئێران ئەوە بە پێشێلکردنی ئاگربەست دادەنێت و ڕێگری لە کردنەوەی مەرجدار و سنوورداری گەرووی هورمز دەکات".

ئەنجوومەنەکە جەخت دەکاتەوە کە لە چوارچێوەى دانوستانەکاندا، شاندى ئێران "هێندەى نووکە دەرزییەک سازش و پاشەکشە لە ئاست بەرژەوەندییەکانی گەلی ئێران" ناکات.

بەرەبەیانى ٠٨-٠٤-٢٠٢٦، ئەمریکا و ئێران گەیشتنە ڕێککەوتن لەسەر ئاگربەستێکى دوو هەفتەیى و دەستپێکردنى دانوستان. سێ ڕۆژ دواتر دانوستان لە ئیسلامئابادى پایتەختى پاکستان بەڕێوەچوو و دواى ٢١ کاتژمێر گفتوگۆ نەگەیشتنە هیچ ڕێککەوتنێک.

دۆسیەى ئەتۆمى کە خاڵى سەرەکیى ناکۆکییەکانە. ئەمریکا داواى داخستنى یەکجیاریى دۆسیەکە و ڕادەستکردنى یۆرانیۆمى پیتێنراوى ئێران دەکات. لە بەرانبەردا ئێران نەک تەنیا ڕادەستکردنى یۆانیۆمى پیتێنراو، بەڵکوو دەستبەرداربوون لە پیتاندنى یۆرانیۆمیش ڕەت دەکاتەوە.

گەرووى هورمزیش بووە بە خاڵیکى دیکەى جێى ناکۆکى. ئەمریکا داواى بەڕێوەبردنى هاوبەشى گەردووەکە دەکات، ئێرانیش ئەو داواکارییەى ڕەت کردووەتەوە.