پەرەگراف- لاهور شێخ جەنگی لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، لەگەڵ پۆڵادی برای لە ئەمڕۆوە دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە.
پەیامەکە لە پەیجی فەرمی لاهور شێخ جەنگی لە فەیسبووک بڵاوکراوەتەوەو تێیدا دەڵێت "هەشت مانگە دوور لەهەموو عورفێکی دامەزراوەیی و یاسایی بەناحەق زیندانی کراوین. لەبەر ئەوەی دادگا رێڕەوی یاسایی خۆی بگرێت تا ئێستا چاوەڕێمان کردووە، بەڵام دیارە فشاری پافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دادگا و دامەزراوەکان رێگرە لەوەی دۆسییەی سیناریۆکانی خۆیشیان بچێتە دادگای تەمیز، بۆیە لەگەڵ کاک پۆڵاد پێکەوە بڕیارمانداوە لەئەمڕۆوە مان لە خواردن بگرین تا ئاوکاتەی سەروەری یاسا لە دۆسییەکەمان بەدی دەکەین".
"بۆ هەڵماڵینی سیناریۆکانی ئێوە جارێکی تر ئامادەین، سەرکێشی بە ژیانی خۆمانەوە بکەین تا هەموان بزانن کە ئێوە هیچ ڕۆڵێکتان بۆ دادگا و دامەزراوەکانی سلێمانی نەهێشتوەتەوە" لاهور شێخ جەنگی وادەڵێت.