پەرەگراف- سەرچاوەیەکی ئاگادار لە بەغدادەوە بە پەرەگرافی ڕاگەیاند "سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەی ئەمشەودا بە زۆرینەی دەنگ، باسم بەدرییان وەکوو کاندیدی سەروەکوەزیران دیاری کردووە، بەڵام بەهۆی دەنگە ناڕازییەکانەوە ڕایان نەگەیاندووە و کۆبوونەوەکە بە تەواونەکراوی هەڵگیراوە".
ئەو سەرچاوەیە وتیشی "هەریەکە لە محەمەد شیاع سوودانی، قەیس خەزعەلی و عەمار حەکیم لە دیاریکردنی باسم بەدری بۆ کاندیدی سەرۆکوەزیران ناڕازی بوون و دەنگیان پێ نەداوە، بەڵام نۆ سەرکردەی دیکە دەنگیان پێ داوە".
بۆ چارەسەری کێشەکە، کۆبوونەوەکەی ئەمشەو کە لە ماڵی عەمار حەکیم بەڕێوەچوو، بۆ ڕۆژی چوارشەممە هەڵگیراوە و بابەتەکە بە تەواوی یەکلا نەکراوەتەوە.
ئەمشەو ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری سەرچاوەکانیەوە ئاشکرای کرد کە سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لە کۆبوونەوەی ئەمشەویاندا بە زۆرینەی دەنگ (باسم بەدری)یان وەکوو کاندید بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق دیاری کردووە.
باسم بەدری بە سەرکردە لە حیزبی دەعوە و کاندیدی نووری مالیکی ناو دەبرێت.