تورکیا پێشوازیی لە هەڵبژاردنی سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەکات بە پارێزگاری کەرکوک و دەڵێت 'پێشهاتێکی مێژووییە'
پەرەگراف- تورکیا پێشوازی لە دەستبەکاربوونی محەمەد سەمعان ئاغا سەرۆکی بەرەی تورکمانی دەکات وەک پارێزگاری کەرکووک، و هەڵبژاردنی سیاسەتمەدارێکی تورکمان بۆ ئەو پۆستە وەک "پێشهاتێکی زۆر گرنگ و مێژوویی" وەسف دەکات.
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە بەیاننامەیەکدا دەڵێت، دەستنیشانکردنی پارێزگارێکی تورکمان لە کەرکووک — کە پارێزگایەکە بە هەمەجۆریی نەتەوەیی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییە فرەڕەهەندەکەی دەناسرێتەوە — هەنگاوێکی گرنگە بەرەو نوێنەرایەتی دادپەروەرانە و بەهێزکردنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی.
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئەم پێشهاتە وەک "دانپێدانانێکی درەنگوەخت" بە "مافە ڕەواکانی" پێکهاتەی تورکمان دەبینێت، کە وەک بەشێکی دانەبڕاو لە عێراق و کەرکووک وەسفی کردن.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە کە دابەشکردنی پۆستە باڵا کارگێڕییەکان لە نێوان پێکهاتە نەتەوەیی و سیاسییەکانی پارێزگاکە بە شێوەی خولی و لە ڕێگەی سازانەوە ئەنجام دراوە. تورکیا ئەمەی بە دەستکەوتێکی دادپەروەرانە بۆ هەموو پێکهاتەکانی کەرکووک ناوبرد و هیوای خواست ئەم گۆڕانکارییە ببێتە هۆی سەقامگیری لە ناوەڕاستی گرژییە هەرێمییەکانی جەنگی ئەمریکا-ئیسرائیل دژی ئێران.
لە ١٦ی نیسانی ٢٠٢٦، محەمەد سەمعان بە زۆرینەی دەنگ لە دانیشتنێکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکووک وەک پارێزگار هەڵبژێردرا، ئەمەش یەکەمجارە سیاسەتمەدارێکی تورکمان ئەو پۆستە وەربگرێت. ئەم گواستنەوەیە دوای دەستلەکارکێشانەوەی پارێزگاری پێشوو، ڕێبوار تەها لە پشکی یەکێتی بوو، لە چوارچێوەی ڕێککەوتنێکی دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان کوتلە کوردی، عەرەبی و تورکمانییەکاندا.