ترەمپ ئاگربەستی درێژکردەوە؛ تا ئەوکاتەی ئێران پێشنیارێکی یەکگرتووی خۆی پێشکەش دەکات

21-04-2026 11:37

پەرەگراف- دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا درێژکردنەوەی ئاگربەستی لەگەڵ ئێران ڕاگەیاندو دەڵێت، لەسەر داوای پاکستانە تا ئەو کاتەی ئێران پێشنیارێکی یەکگرتوو پێشکەش دەکات.

ترەمپ، لە ترووس سۆشیاڵ ڕایگەیاند، فەرمانی بە سوپای ئەمەریکا کردووە کە بەردەوام بن لە گەمارۆی سەر بەندەرکانی ئێران و لە هەموو لایەنەکانی دیکەشەوە بە ئامادەیی و توانای تەواوەوە بمێننەوە، "ئاگربەستەکە درێژ دەکەینەوە تاوەکو ئەو کاتەی پێشنیازەکەیان پێشکەش دەکەن و گفتوگۆکان کۆتاییان دێت".

 "لەسەر بنەمای ئەو راستییەی کە حکومەتی ئێران لێکترازاوە، کە ئەمە شتێکی چاوەڕواننەکراو نەبو، لەسەر داوای عاسم مونیر (سوپاسالاری پاکستان) و شەهباز شەریف سەرۆکوەزیرانی پاکستان، داوامان لێکراوە کە هێرشەکانمان بۆ سەر ئێران رابگرین تاوەکو ئەو کاتەی سەرکردە و نوێنەرانیان دەتوانن پێشنیازێکی یەکگرتوو ئامادە بکەن".

درێژکردنەوەی ئاگربەست دوای ئەوەدێت ئەمڕۆ هیچکام لە شاندی ئەمەریکاو ئێران نەچوونە پاکستان بۆ گەڕی کۆتایی گفتوگۆ و ڕێککەوتنی نێوانیان، بەرەبەیانی سبەینێش ئاگربەستە دوو هەفتەییەکەی نێوانیان کۆتایی دەهات.