لیژنەیەک بۆ لێکۆڵینەوە لەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە پێکهێنرا کە ڕۆژانە بە هەرێم دەدرێت بۆ پێداویستیى ناوخۆ
پەرەگراف - ئەندامێکى پەرلەمانى عێراق ڕایگەیاند، لیژنەیەکى پەرلەمانى بۆ لێکۆڵینەوە لەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتە پێکهێنرا کە ڕۆژانە بە هەرێمى کوردستان دەدرێت بۆ پێداویستیى ناوخۆ. ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت "دەبێت حکومەتى هەرێم بەرهەمەکانى ئەو نەوتە بە نرخى پاڵپشتیکراو بە هاووڵاتیان بدات، بەڵام بە نرخى بازرگانى دەیفرۆشێت".
غالب محەمەد، ئەندامى پەرلەمانى عێراق، ماوەیەکە بەدواداچوون بۆ ئەو بابەتە دەکات. لە ڕۆژى ٠٥-٠١-٢٠٢٦ نووسراوێکى ئاراستەى سەرۆکی پەرلەمانى عێراق کردبوو و داواى پێکهێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەى لەسەر چۆنێتیى مامەڵەکردنى حکومەتى هەرێم بەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتەوە کردبوو.
ئەمڕۆ ٢٣-٠٤-٢٠٢٦، غالب محەمەد ڕایگەیاند "بە فەرمانی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لیژنەیەک لە پەرلەمان پێکهێنرا بۆ لێکۆڵینەوە لەو ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتی ڕۆژانەی هەرێم کە دەبێت بە نرخی پاڵپشتیکراو بە هاووڵاتیان بفرۆشرێت، بەڵام ئێستا بە بازرگانی دەدرێت بە خەڵک".
وەکوو ئەو پەرلەمانتارە ڕوونى کردووەتەوە، دەبێت هەر لیترێک بانزین بە نرخى پاڵپشتیکراوى (٤٥٠) دینار و یەک بەرمیل نەوتی سپیش بە (٣١ هەزار و ٥٠٠) دینار بە هاووڵاتیان بدرێت، هاوشێوەى ئەوەى لە عێراق هەیە.
غالب محەمەد دەشڵێت "بەپێی ئەو ڕاپۆرتەی کە ئامادەمان کردووە، ٥٠ هەزار بەرمیل نەوتى خاوى ڕۆژانە، پێک دێت لە حەوت هەزار و ٩٥٠ لیتر، کە نزیکەى ٤٥%ـی دەبێت بە بەنزین و دەکاتە سێ ملیۆن و ٥٥٧ هەزار و ٥٠٠ لیتر. هەروەها ٣٠%ـى دەبێت بە نەوتی سپی (گازۆیل)، کە دەکاتە دوو ملیۆن و ٣٨٥ هەزار لیتر. ٢٥%ـى دیکەشى کە نزیکەی دوو ملیۆن لیترە، بەرهەمە جیاوازەکانی دیکەى نەوتە".
ئەندامەکەى پەرلەمانى عێراق لە نووسراوەکەیدا بۆ سەرۆکى پەرلەمان ئاماژەى بەوە کردبوو کە سەربارى "قووڵبوونەوەى قەیرانی بەرهەمە نەوتییەکان کە یەکێکە لە دیارترین ئەو ئاڵنگارییانەى ڕووبەڕووی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بووەتەوە، لەگەڵ دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر و بوونى کێشەکانی مووچە و سستبوونی ئابووری لە هەرێمدا"، حکومەتى هەرێم بەرهەمەکانى ئەو نەوتەى بە نرخى پاڵاپشتیکراو بە هاووڵاتیانى نەداوە.
بەپێى ڕێککەوتنى نێوان حکومەتى هەرێم و حکومەتى ناوەندیى عێراق، هەرێمى کوردستان ڕۆژانە نەوتى بەرهەمهێنراوى خۆى ڕادەستى وەزارەتى نەوتى عێراق دەکات، جگە لە ٥٠ هەزار بەرمیل کە بۆ پێداویستیى ناوخۆ بەکار دەهێنرێت، بەڵام ڕوون نەکراوەتەوە ئەو نەوتە چۆن بەکار بهێنێت.