حکومەتى هەرێمى کوردستان وەڵامى ئێران دەداتەوە و تۆمەتێکى چەندبارەى ‏تاران ڕەت دەکاتەوە

24-04-2026 11:03

پەرەگراف - حکومەتى هەرێمى کوردستان وەڵامى ئێران دەداتەوە و تۆمەتێکى چەندبارەى ‏تاران دژى هەرێم ڕەت دەکاتەوە.

حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە "هیچ بارەگا ‏و ناوەندی مەشق و ڕاهێنانی دەزگای هەواڵگریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ‏بوونی نییە" و دەشڵێت "بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە، بێ بنەمایە و ‏دوورە لە ڕاستییەوە". ‏

دەقى ڕاگەیەندراوێک لە حکومەتى هەرێمەوە: ‏

حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت لە پابەندبوون بە سەقامگیری و سەروەری و ‏پەیوەندی باشی دراوسێیەتی دەکاتەوە

فەرمانگەی پەیوەندیەکانی دەرەوە نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت لەبەرانبەر ‏ئەو تۆمەتانەی بەم دواییە لە هەندێک دامەزراوەی دادوەری و ڕاگەیاندنە ‏فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بلاوکراونەتەوە کە گوایە هەندێک لەو ‏کەسانەی کە سزایان بەسەردا سەپیندراوە لە هەرێمی کوردستان لەلایەن دەزگای ‏هەواڵگری ولاتانی ترەوە مەشقیان پێکراوە. ‏

لەم چوارچیوەیەدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان هەڵوێستی روون و نەگۆڕی خۆی ‏بۆ ڕایگشتی لە ناوەوە و دەرەوە بەم شێوەیە دەخاتە روو: حکومەتی هەرێمی ‏کوردستان هەموو ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە و جەخت دەکاتەوە کە هیچ بارەگا ‏و ناوەندی مەشق و راهێنانی دەزگای هەواڵگریی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان ‏بوونی نییە. بەستنەوەی هەرێمی کوردستان بەم جۆرە بابەتانە بێ بنەمایە و ‏دوورە لە راستییەوە. ‏

هەروەها، حکومەتی هەرێمی کوردستان نیگەرانیی قووڵی خۆی دەردەبڕێت لە ‏بەرانبەر بەردەوامیدان بەم جۆرە تۆمەتانە. ئەمە لەکاتێکدایە کە ناوچەکە ‏پێویستی بە دانبەخۆداگرتنی زیاتر و گفتوگۆ و بەشدارییەکی بەرپرسیارانە هەیە. ‏بە پێچەوانەوە ئەم جۆرە رەفتارە ناسەقامگیری زیاتر بەدوای خۆیدا دەهێنێت کە ‏هەرێمی کوردستان بە بەردەوام هەوڵی بۆ پاراستنی ئەوسەقامگیریە داوە. ‏

چەندین ساڵە هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە لە پابەندبوون وەک فاکتەرێکی ‏سەقامگیری و بێلایەن و پێکەوەژیان لە عیراق و ناوچەکە. بە رێزگرتن لە ‏دەستووری عیراقی فیدراڵ و پرنسیپی پەیوەندی باش و دۆستانە لەگەڵ وڵاتانی ‏دراوسێ، حکومەتی هەرێمی کوردستان جەخت دەکاتەوە کە نابێت خاکی هەرێمی ‏کوردستان بەکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ. ‏

لە هەمان کاتدا، حکومەتی هەرێمی کوردستان داوا لە حکومەتی عیراقی فیدڕاڵ ‏دەکات کە بەرپرسیارەتی دەستووری خۆی بگرێتە ئەستۆ لە پاراستنی سەرەوەی ‏عیراق و رێگری کردن لەو پێشێلکاریانەی کە دەکرێنە سەر خاکی هەرێمی ‏کوردستان. هەروەها داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەکەین کە هەوڵەکانیان چڕ ‏بکەنەوە لەپێناو کەمکردنەوەی ئاڵۆزیەکان و رێزگرتن لە سەروەری و پاراستنی ‏هاووڵاتییان و بەدیهێنانی ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە. ‏

خەلکی هەرێمی کوردستان لە پێناو ئاشتی و کەرامەت و مافە دەستووریەکاندا، ‏دەیان ساڵە بەرگەی ئازار و ململانێ و قوربانیدانی گرتووە، هەر بۆیە حکومەتی ‏هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر پابەند بوونی بە حکومرانی ‏بەرپرسیارانە و پاراستنی هاووڵاتییانی خۆی و پەرەپیدانی پەیوەندی بنیادنەر و ‏ئاشتیخوازانە لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و هاوبەشە نێودەولەتیەکان. ‏

فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوە
حکومەتی هەرێمی کوردستان
‎٢٤‎ی نیسانی ٢٠٢٦‏