پەرەگراف- فەرمانگەی میدیاو زانیاری هەرێم ئاماری هێرشەکانی بڵاوکردەوەو دەڵێت: لە 28ی شوباتەوە 809 هێرش كراوەتە سەر هەرێم و بەهۆیەوە 20 شەهیدو 123 برینداری لێکەوتووەتەوە.
لە هێرشەکاندا شوێنی مەدەنی، سەر و ماڵی هاووڵاتییان و کەرتی تایبەت کراونەتە ئامانج، بەشێک لە هێرش و قوربانییەکان لە دوای دەستپێکردنی ئاگربەستی نێوان ئەمەریکاو ئێران دێت کە بەهۆیەوە شەڕ وەستا، بەڵام هێرشەکانی سەر هەرێم بەردەوام بوون.
تۆماری هێرشە کوشندەکان بەپێی پەرەگراف:
لە ١٧ی نیسان، لە ئەنجامی هێرشە درۆنی و موشەکییەکانی ئێران بۆ سەر کەمپی نیشتەجێبوون و پێشمەرگەکانی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لە هەولێر، دوو پێشمەرگە بە ناوەکانی (نەدا میری و سەمیرا ئەڵڵایاری) و (شاهین ئازەربەرزین) کە کوڕی پێشمەرگەیەکی ئەو حیزبەیە، شەهید بوون.
لە ١٤ی نیسان، غەزەل مەولان خەڵکی مەهاباد و ئەندامی کۆمەڵە، بەهۆی سەختی برینەکانیەوە لە هێرشێکی درۆنی بۆسەر بارەگای ئەو حیزبە لە ناوچەی سوورداش لە قەزای دووکانی پارێزگای سلێمانی، شەهید بوو.
هەروەها لە ٧ی نیسان، وەیسی ئاخر، پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان شەهید بوو، دوای مانەوەی بۆ چەند ڕۆژێک لە نەخۆشخانە بەهۆی برینداربوونی لە هێرشێکی موشەکی بۆ سەر بارەگای پێشمەرگە لە سۆران لە ٢٤ی ئازاردا.
ڕۆژی ٧ی نیسانیش موسا ئەنوەر و مژدە ئەسعەدی هاوسەرەی شەهید بوون، دوای ئەوەی درۆنێکی بۆمبڕێژکراو لە ماڵەکەیانی دا لە گوندی زەرگەزەوی لە ناحیەی دارە شەکرانی سەر بە پارێزگای هەولێر.
هێرشێکی دیکەی خوێناویی شەهیدبوونی ٦ پێشمەرگەو برینداربوونی ٣٠ی دیکە بوو لە ٢٤ی ئازار بە مووشەکی بالیستیی ئێران کە بارەگای هێزی پێشمەرگەی لە قەزای سۆران کردە ئامانج.
لە ١٣ی ئازاریشدا، ئیقباڵ ساڵحی خەڵکی سەقز و فەخرەدین مورادی خەڵکی سنە — کە هەردووکیان پێشمەرگەی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بوون — لە هێرشێکی درۆنیدا بۆ سەر پێگەکانیان لە بەرزاییەکانی باشیک شەهید کران.
ڕۆژێک پێش ئەوە، ئارنۆ فریۆن، پلەدارێکی سوپای فەڕەنسا کوژرا کاتێک درۆنەکان بنکەیەکی هاوبەشی پێشمەرگە و فەڕەنسایان لە ناوچەی مەخمووری پارێزگای هەولێر کردە ئامانج.
لە پارێزگای سلێمانی، ئومێد وەیسی پێشمەرگەی کۆمەڵەی ئێران، لە ١١ی ئازاردا بەهۆی هێرشی درۆن و مووشەک بۆ سەر گوندی زڕگوێزەڵە شەهیدبوو.
هێرشێکی دیکە لە هەمان گوند لە ٧ی ئازاردا بووە هۆی شەهیدبوونی ئیسماعیل ڕەحیمی پێشمەرگەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی کوردستانی ئێران.
هەر لە ٧ی ئازاردا، وڵات تاهیر، ئەندامی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بوو، دوای شەپۆلێک لە هێرشی درۆن بۆ سەر شارەکە شەهید کرا.
لە سەرەتای شەڕەکەدا و لە ٤ی ئازاریشدا، جەلال ڕەشیدی، پێشمەرگەی پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، لە هێرشێکی مووشەکیدا بۆ سەر بنکەکانی ئەو پارتە لە نزیک دێگەڵە لە هەولێر شەهید کرا.