سەرکردە کوردەکان پێشوازیی لە ڕاسپاردنی عەلی زەیدی دەکەن بۆ پێکهێنانی حکومەت

28-04-2026 11:00

پەرەگراف- بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ دوای ڕاسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستەکردو پشتیوانییان بۆ دەربڕی لە پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییەکی باشتر لە نێوان هەرێم و بەغداد.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا دەڵێت "هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین لە ئەرکەکانیدا بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی نیشتمانیی گشتگیر کە تەواوی خواستی گەلەکەمان لە سەرتاسەری عێراقدا بەدیبهێنێت و کار بکات بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئاوەدانکردنەوە. پشتیوانیی خۆمانی بۆ دووپات دەکەینەوە و پێکەوە کار دەکەین لەپێناو داهاتوویەکی باشتر بۆ هەموو عێراقییەکان".

هاوکات بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی، لە پەیامی پیرۆزباییەکەیدا وتی "هیوای باشترین بۆ بەڕێزیان دەخوازین لەم ئەرکە گرنگەدا. یارمەتیدەری دەبین سەرکەوتووبێت لە پێکهێنانی حکومەتێکی بەتوانا و گشتگیر و هاوکاری ئەو حکومەتە دەبین تا عیراق لەو قەیرانە ئابووری و ئەمنییانە دەرباز بکات کە ڕووبەڕووی بووەتەوە. پشتیوانی لە حکومەتە نوێیەکە دەکەین و بەردەوام دەبین لە هەوڵەکانمان بۆ بەهێزکردنی هەماهەنگییەکان لە بەرژەوەندیی گەلەکەماندا".

مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمیش بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ زەیدی کردو دەڵێت "پیرۆزباییمان لە بەڕێز عەلی ئەلزەیدی کرد بە بۆنەی ڕاسپاردنی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ. هیوای سەرکەوتنمان بۆ خواست لە ئەرکەکەیدا بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی فیدراڵ و پشتیوانیی خۆمان بۆ چارەسەرکردنی گشت کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور دەربڕی و هیواخوازین سەردەمێکی پر لە ئاشتی و سەقامگیریی لە عێراقدا دەست پێ بکات."

شەوی ڕابردوو چواچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی کاندیدکردنی عەلی زەیدیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاندو لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕاسپێردرا.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکدا لە بینای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەبارەی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دا، چوارچێوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی نووری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی کرد لە بەرانبەر دەستبەرداربوونیان لە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.

عەلی زەیدی کێیە؟

عەلی فالح كازم زەیدی، لەدایكبووی ساڵی 1986ـی پارێزگای زیقارە. خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە یاسادا. ‏بڕوانامەکانی بەكالۆریۆس و ماستەریشی لە (دارایی و بانك) هەیە.

سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی كارگێڕیی بانكی (جنوب) و سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی زانكۆی (شەعب) و پەیمانگای ‏پزیشكیی (عەشتار)ـە. ئێستا سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی كۆمپانیای نیشتمانیی (قابیزە)ـە‎.‎

سەرمایەدار و بازرگانە، خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی (ئەلوەیس)ـە كە 15 گەورە كۆمپانیا و چەندین كۆمپانیای دیكەی لەخۆ ‏گرتووە و قەبارەی سەرمایەی وەبەرهێنانەكەی 500 ملیۆن دۆلارە‎.‎

چەندین كۆمپانیای گەورەی لە بواری كشتوكاڵ و بەرهەمی خۆراكیدا هەیە و خۆراكی ڕۆژانەی 300 هەزار سەرباز لە ‏سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دابین دەكات‎.‎

كۆمپانیاكانی خاوەندارێتیی زۆرینەی گرێبەستەكانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و كۆمپانیای پیشەسازیی خۆراك دەكەن و ‏ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگانە (بایعی) دابین دەكەن.

خاوەنی بانكی (جنوب)ـی ئیسلامییە بۆ وەبەرهێنان و پارەداركردن. بانكەكەی لە ساڵی 2024ـەوە پێدانی دراوی دۆلاری لێ ‏قەدەغە كراوە بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە‎.‎

شەوی 27ـی نیسانی 2026 لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە وەك (كاندیدی سەرۆکوەزیران) هەڵبژێردرا و لەلایەن سەرۆككۆماری ‏عێراقەوە بۆ ئەركی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ڕاسپێردرا.