پارێزەرەكەی شێروانی هۆشداری دەدات؛ 'حەوت ڕۆژە مانی لە خواردن گرتووە و دۆخی تەندروستیی بەم بێخەمییە مەترسیدارتر دەبێت'

28-04-2026 05:31

پەرەگراف - مانگرتنى ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانى لە خواردن، یەک هەفتەى تێپەڕاند. ‏پارێزەرەکەى لەبارەى دۆخى تەندروستییەوە هۆشدارى دەدات و دەڵێت "لە مەترسیدایە و ‏بەم بێ خەمییەش مەترسیدارتر دەبێت". ‏

محەمەد عەبدوڵڵا، پارێزەرى دۆسیەى شێروان شێروانى، لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت "لە ‏‏٢٢ـى نیسانی ٢٠٢٦ کە هاوکاتە لەگەڵ ١٢٨ـەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی، ‏ڕۆژنامەنووس شێروان شێروانی مانی لە خواردن گرت و ئەمڕۆ حەوت ڕۆژە ئەم ‏مانگرتنەی بەردەوامە". ‏

پارێزەرى ڕوونى دەکاتەوە کە پەنابردنی ڕۆژنامەنووسەکە بۆ مانگرتن، پەیوەستە بەو ‏‏ "هەموو پێشێلکارییەی بەرانبەری دەکرێت" و دەڵێت "ئێستا دیارترین پێشێلکاری، ‏ڕێگریکردنە لە ئیجازە مەنزلی و گەڕانەوە بۆ ماڵ، بەپێی یاساو هاوشێوەی زیندانییانی ‏تر". ‏

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە "بەشێک" لە لایەنە پەیوەندارەکان "هاوکارن و ‏بەخەم دۆخی تەندروستیی شێروان و وەرگرتنی مافە یاسایەکانیەوەن"، بەڵام ‏ڕاگەیەندراوە کە "بەشێکیان ڕێگری دروست دەکەن"، کە پارێزەرەکەى پێى وایە "دەشێت ‏ڕێگرییەکان لەژێر فشاری دەرەوەی دەزگاکانی حکومەت بن". ‏

محەمەد عەبدوڵڵا لەگەڵ هۆشداریدان لەبارەى دۆخى خراپى تەندروستیى ڕۆژنامەنووس ‏شێروانییەوە، جەخت دەکاتەوە کە "ڕێکار و ڕێنمایی و هەوڵی لێبوردووانە، بۆ تێپەڕاندنی ‏ئەم دۆخە و کۆتاییهێنان بەم مانگرتنە پێویستە". ‏