پەرەگراف- نێردەی دیپلۆماسیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕایگەیاند، هیوای باشترین بۆ سەرۆک وەزیرانی ڕاسپێردراو، عەلی زەیدی، دەخوازێت، لە میانەی کارکردنیدا بۆ پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای بەدیهێنانی خواستەکانی سەرجەم هاووڵاتیانی عێراقی هەبێت بۆ داهاتوویەکی گەشتر و ئارامتر.
"پاڵپشتی لە خەڵکی عێراق دەکەین لە ئاواتخواستنیان بۆ ئامانجە هاوبەشەکانی پاراستنی سەروەریی عێراق و چەسپاندنی ئاسایشێک کە خاڵی بێت لە تیرۆر و هەروەها بونیادنانی داهاتوویەکی خۆشگوزەران کە ببێتە مایەی سوودی بەرجەستە بۆ هاووڵاتیانی ئەمریکی و عێراقی" نێردەی دیپلۆماسیی ئەمەریکا وادەڵێت.
شەوی 27-4، چواچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی کاندیدکردنی عەلی زەیدیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاندو لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕاسپێردرا.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکدا لە بینای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەبارەی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دا، چوارچێوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی نووری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی کرد لە بەرانبەر دەستبەرداربوونیان لە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.
عەلی زەیدی کێیە؟
عەلی فالح كازم زەیدی، لەدایكبووی ساڵی 1986ـی پارێزگای زیقارە. خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە یاسادا. بڕوانامەکانی بەكالۆریۆس و ماستەریشی لە (دارایی و بانك) هەیە.
سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی كارگێڕیی بانكی (جنوب) و سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی زانكۆی (شەعب) و پەیمانگای پزیشكیی (عەشتار)ـە. ئێستا سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی كۆمپانیای نیشتمانیی (قابیزە)ـە.
سەرمایەدار و بازرگانە، خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی (ئەلوەیس)ـە كە 15 گەورە كۆمپانیا و چەندین كۆمپانیای دیكەی لەخۆ گرتووە و قەبارەی سەرمایەی وەبەرهێنانەكەی 500 ملیۆن دۆلارە.
چەندین كۆمپانیای گەورەی لە بواری كشتوكاڵ و بەرهەمی خۆراكیدا هەیە و خۆراكی ڕۆژانەی 300 هەزار سەرباز لە سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دابین دەكات.
كۆمپانیاكانی خاوەندارێتیی زۆرینەی گرێبەستەكانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و كۆمپانیای پیشەسازیی خۆراك دەكەن و ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگانە (بایعی) دابین دەكەن.
خاوەنی بانكی (جنوب)ـی ئیسلامییە بۆ وەبەرهێنان و پارەداركردن. بانكەكەی لە ساڵی 2024ـەوە پێدانی دراوی دۆلاری لێ قەدەغە كراوە بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە.
شەوی 27ـی نیسانی 2026 لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە وەك (كاندیدی سەرۆکوەزیران) هەڵبژێردرا و لەلایەن سەرۆككۆماری عێراقەوە بۆ ئەركی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ڕاسپێردرا.