عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی حکومەت سەردانی هەولێر دەکات

30-04-2026 01:12

پەرەگراف- عەلی زەیدی سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق بۆ پێکهێنانی حکومەت سەردانی هەولێر دەکات و پارتی پشتیوانیی دەکات و بەشدار دەبێت لە کابینەکەیدا.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە پەرەگرافی وت، سەرەتای هەفتەی داهاتوو عەلی زەیدی سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ سەرکردەکانی کورد کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق.

بە وتەی سەرچاوەکە، پارتی پشتیوانیی لە زەیدی دەکات و بەشداری لە کابینەکەی دەکات، پارتی زیاتر لە 2 هەفتەیە بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی کردووە وەک ناڕەزاییەک لە دژی هەڵبژاردنی نزار ئامێدی بە سەرۆککۆماری عێراق.

بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان ڕاستەوخۆ دوای ڕاسپاردنی عەلی زەیدی بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق، پەیامی پیرۆزباییان ئاڕاستەکردو پشتیوانییان بۆ دەربڕی لە پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییەکی باشتر لە نێوان هەرێم و بەغداد.

شەوی 27ـی نیسانی 2026 چواچێوەی هەماهەنگی بە فەرمی کاندیدکردنی عەلی زەیدیی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕاگەیاندو لەلایەن سەرۆککۆمارەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت ڕاسپێردرا.

چوارچێوەی هەماهەنگی لە کۆبوونەوەیەکدا لە بینای ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری کۆتایی لەبارەی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دا، چوارچێوەکە لە ڕاگەیەندراوێکدا سوپاسی نووری مالیکی و محەمەد شیاع سوودانی کرد لە بەرانبەر دەستبەرداربوونیان لە کاندیدی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران.

عەلی زەیدی کێیە؟

عەلی فالح كازم زەیدی، لەدایكبووی ساڵی 1986ـی پارێزگای زیقارە. خاوەنی بڕوانامەی بەكالۆریۆسە لە یاسادا. ‏بڕوانامەکانی بەكالۆریۆس و ماستەریشی لە (دارایی و بانك) هەیە.

سەرۆكی پێشووی ئەنجوومەنی كارگێڕیی بانكی (جنوب) و سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی زانكۆی (شەعب) و پەیمانگای ‏پزیشكیی (عەشتار)ـە. ئێستا سەرۆكی ئەنجوومەنی كارگێڕیی كۆمپانیای نیشتمانیی (قابیزە)ـە‎.‎

سەرمایەدار و بازرگانە، خاوەنی گرووپی كۆمپانیاكانی (ئەلوەیس)ـە كە 15 گەورە كۆمپانیا و چەندین كۆمپانیای دیكەی لەخۆ ‏گرتووە و قەبارەی سەرمایەی وەبەرهێنانەكەی 500 ملیۆن دۆلارە‎.‎

چەندین كۆمپانیای گەورەی لە بواری كشتوكاڵ و بەرهەمی خۆراكیدا هەیە و خۆراكی ڕۆژانەی 300 هەزار سەرباز لە ‏سوپای عێراق و حەشدی شەعبی دابین دەكات‎.‎

كۆمپانیاكانی خاوەندارێتیی زۆرینەی گرێبەستەكانی وەزارەتی بازرگانیی عێراق و كۆمپانیای پیشەسازیی خۆراك دەكەن و ‏ماددەكانی بەشەخۆراكی مانگانە (بایعی) دابین دەكەن.

خاوەنی بانكی (جنوب)ـی ئیسلامییە بۆ وەبەرهێنان و پارەداركردن. بانكەكەی لە ساڵی 2024ـەوە پێدانی دراوی دۆلاری لێ ‏قەدەغە كراوە بە تۆمەتی سپیكردنەوەی پارە‎.‎

شەوی 27ـی نیسانی 2026 لەلایەن چوارچێوەی هەماهەنگییەوە وەك (كاندیدی سەرۆکوەزیران) هەڵبژێردرا و لەلایەن سەرۆككۆماری ‏عێراقەوە بۆ ئەركی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی عێراق ڕاسپێردرا.