گۆڕان: بەشداریمان لە حكومەت بە مانای بێدەنگیی نییەو دەیان فایلی گەندەڵیمان ئامادەكردوە

14-06-2019 02:32
مەسرور بارزانی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت - عەلی حەمەساڵح سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان.


پەرەگراف

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بەشداریكردنیان لە كابینەی نوێی حكومەت بە مانای بێدەنگییان نییە لە گەندەڵی‌و دەیان فایلی گەندەڵییان ئامادەكردووە لە سێكتەرە جیاوازەكاندا، بۆ ئەوەی ئیجرائاتیان لەگەڵدا بكرێت.

عەلی حەمەساڵح لە نووسینێكدا لە پەیجی خۆی لە فەیسبوك ئەوەی خستووەتە ڕوو، زۆر بەڕوونی لە هەموو كۆبونەوەكانی دانووستاندنی بەشداریكردن لە حكومەت وتوویانە، "هۆكاری بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت چاكسازیە و لەسەر ئەمەش ڕێككەوتوین، بۆ جێبەجێبوونی پڕۆژەكانی چاكسازیش ڕێوشوێنی پێویستمان داناوە، بە یاسای چاكسازی و دروستكردنی سندوقی داهاتی نەوت و ڕێكخستنی داهاتی ناوخۆ دەستپێدەكات.. پاشان سێكتەرەكانی دیكە".

سەرۆكی فراكسیۆنی گۆڕان ئەوەش ڕووندەكاتەوە، هەر بەو نیەتە بزووتنەوەكەی داوای یاریدەدەری سەرۆكی حكومەت بۆ كاروباری چاكسازی و وەزیری دارایی و بەرپرسی سندوقی داهاتی نەوتی كردووە.

دەشڵێت "دەیان فایلی گەندەڵیمان ئامادەكردوە بۆ كابینەی نوێی حكومەت لە سێكتەرە جیاوازەكاندا، بۆ ئەوەی ئیجرائات بكرێت. زۆر بەڕوونی وتوومانە: بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت مانای بێدەنگی پەرلەمانتارەكانمان نیە لەگەندەڵی و كاری نایاسایی و بەفیڕۆدانی دارایی گشتی، بەپێی ئەو ئەرك و دەسەڵاتەی لە یاسا بەركارەكان و پێڕەوی نارخۆدا هەیە پەرلەمانتارانمان بە دواداچون بۆ كاری سەرجەم وەزارەتەكان دەكەن، سەرەتا لە وەزارەتەكانی بزوتنەوەی گۆڕان".

ئەو وتانەی عەلی حەمەساڵح دوای لێدوانەكانی بەرپرسانی پارتی دێت كە ڕەخنە لە هەندێك پەرلەمانتارو بەرپرسی گۆڕان دەگرن كاتێك باسلە گەندەڵیی حكومەتی هەرێم دەكەن.

دواین بەرپرسی پارتی كە لەوبارەیەوە قسەی كردووە، ئاراس حەسۆ میرخان ئەندامی سەركردایەتی پارتییە، ئەوەش لە بارەی ئەو ڕەخنەو بەدواداچوونانەیە كە هۆشیار عەبدوڵا پەرلەمانتاری گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق لە حكومەتی هەرێمی دەگرێت بەتایبەت لە پرسی مووچەدا.

ئەندامەكەی سەركردایەتی پارتی ڕایگەیاند "حكومەتی هەرێم لەگەڵ حكومەتی بەغدا لەبارەی بودجە و نەفت لێك تێگەیشتنیان هەیە و بەم زووانە حكومەتی نوێی هەرێم پێكدێت و هەردوو حكومەت لە بارەی بودجە و نەفت ڕێك دەكەون و ئەو پەرلەمانتارە بە كرێ گیراوانەی ڕۆژانە لە بەغدا خەریكی پیلان گێرانن جگە لە شەرمەزاری و ڕوو ڕەشی هیچیان بۆ نامێنێت".

ئاراس حەسۆ میرخان لە نووسنەكەیدا كە لە فەیسبوك بڵاویكردووەتەوە، دەشڵێت "بەشێكیان دەزانین بۆ وا دەكەن بەڵام، گۆڕان كە بریارە لە حكومەتی داهاتووی هەرێم بەشدار بێت دەبێ بە ڕاشكاوانە هەڵوێستی خۆی لە بارەی هۆشیار عەبدوڵای پەرلەمانتاریان بۆ پارتی، حكومەتی هەرێم و خەڵكی كوردستان ڕوون بكەنەوە. حكومەتی داهاتوو دوو ڕوویی لە هیچ كەس و لایەنێك قبوڵ ناكات".

گۆڕان ڕێككەوتنی بەشداریكردنی لە حكومەتی هەرێم‌و دابەشكردنی پۆستەكانی لەگەڵ پارتی واژۆ كردووەو بڕیارە هەفتەی داهاتوو مەسرور بارزانی كاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێكهێنانی حكومەت سەردانی سلێمانی بكات‌و لەگەڵ گۆڕان كۆببێتەوە‌و پێكهێنانی حكومەت لە وادەی یاسایی خۆیدا تاوتوێ بكەن.

"ئەگەر یەكێك پێیوایە بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەت مانای بێدەنگیە لە بەدڕەفتار، بە دڵنیایی هەڵە تێگەشتووەو ئایندەش ئەمە ڕوندەكاتەوە" عەلی حەمەساڵح وادەڵێت، دەشڵێت "ئامانجی ئێمە چاكسازیە، هەر لەم پێناوەش دەڵێین: چاكسازی موڵكی هەموو ئەو لایەنانەیە كە باوەڕیان پێیەتی یاسای بۆ دەردەكەن و جێبەجێی دەكەن".

ئەنجامدانی چاكسازی‌و ڕوبەڕوبوونەوەی گەندەڵی، لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسەوە‌و بەتایبەتتر لەسەرهەڵدانی ئۆپۆزسیۆنەوە بە بەهێزیی لەساڵی 2009، بەردەوام دروشم‌و بنەمای زۆربەی پڕۆژەكانی حیزب‌و حكومەت بووە، بێ‌ ئەوەی شتێكی ئەوتۆی لێ‌ سەوز ببێت.

ئێستاش كە سەروەختی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمە، پارتی وەك براوەی یەكەمی هەڵبژاردن دەیەوێت حكومەتێكی بەهێز‌و چاكسازییخوارز پێكبهێنێت كە ڕوبەڕوی گەندەڵی ببێتەوە، هێشتا دیارنییە مەسرور بارزانی كاندیدی پارتی بۆ سەرۆكایەتی حكومەت كە خوازیارە كابینەیەكی جیاوازی هەبێت، چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆسیەكانی گەندەڵی‌و پڕۆژەكانی پێشووتر بۆ ئەنجامدانی چاكسازیی دەكات.

لەپاڵ ونبوونی دەرئەنجامی پڕۆژەكانی چاكسازی‌و ڕوبەڕوبونەوەی گەندەڵی لە كوردستان، كەسانی كەمتەرخەم یان تۆمەتبار بەگەندەڵیش دیارنین، خەڵكی هەرێم تائێستا بینەری دادگاییەك دەربارەی ئەو جۆرە كەسانە نەبوون كە لەئاست قەبارەی گەندەڵییەكەدا بێت، بەتایبەت بۆ بەرپرسانی باڵا‌و دەسەڵاتدار.