دەستپێکى گفتوگۆکانى پێکهێنانى حکومەت؛ حزبە کوردییەکان چییان بە عەلى زەیدى وت؟

02-05-2026 11:51

پەرەگراف - دواى کۆبوونەوە لەگەڵ زۆرینەى حیزبە کوردییە براوەکانى هەڵبژاردن، سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراوى عێراق بە "ڕازیبوون" لە ئەنجامى کۆبوونەوەکانەوە کۆتایى بە سەردانەکەى بۆ هەرێمى کوردستان هێنا و بەر لە ڕۆیشتنى وتى "هەموو حیزبە کوردییەکان پاڵپشتى لە حکومەتەکەمان دەکەن و بە پشتیوانیى خودا هەموویان بەشداریى تێدا دەکەن".

عەلى زەیدى، سەرۆکوەزیرانى ڕاسپێردراوى عێراق، بەیانى ئەمڕۆ -٠٢-٠٥-٢٠٢٦، لەگەڵ شاندێک کە لە سەرکردەکانى چوارچێوەى هەماهەنگیى شیعە پێکهاتبوو، بە سەردانێک گەیشتە هەولێر و دواى کۆبوونەوە لەگەڵ پارتى دیموکرات، دواتر لە سلێمانى سەردانى یەکێتیى نیشتمانى، جوڵانەوەى نەوەى نوىَ و ڕەوتى هەوڵوێستى کرد.

شاندەکەى بەغداد سەردانى یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەریى نەکرد، بەڵام ئەو دوو حیزبە بۆ بەشدارى لە کۆبوونەوەکەى ڕەوتى هەڵوێست بانگهێشت کرابوون. کۆمەڵ بە ئەندامەکەى لە پەرلەمانى عێراق بەشداریى کۆبوونەوەکەى کرد، بەڵام هیچ بەرپرس و پەرلەمانتارێکى یەکگرتوو بەشدار نەبوون.

موسەننا ئەمین، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانى عێراق، لە ڕوونکردنەوەیەکدا دەڵێت "بەهۆی گۆڕانکارییەکی پڕۆتۆکۆلی و دروستبوونی وادەیەک لە بەغداد، سەردانی عەلی زەیدی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بۆ لای یەکگرتووی ئیسلامی، دواخراوە و لە چەند ڕۆژی داهاتوو هەردوولا لە بەغداد کۆدەبنەوە.

عەلى زەیدى لە کۆتایى سەردانەکەیدا وتیشى" پێداگرین لەسەر پێکهێنانى حکومەتێک کە خاوەنى ئابوورییەکى بەهێز و پتەو بێت ".

کۆبوونەوەى زەیدى و بارزانى

دواى پێشوازیکردن لە عەلى زەیدى لەلایەن مەسروور بارزانیى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە لە فڕۆکەخانەى هەولێر، نیوەڕۆى ئەمڕۆ شاندەکە یەکەم کۆبوونەوەى لەناو حیزبەکاندا لەگەڵ مەسعود بارزانى، سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان ئەنجام دا.

بەپێى ڕاگەیەندراوى بارەگاى بارزانى، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە" پێویستیی پەلەکردن لە پێکهێنانی حکومەت کرا، بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن، هەروەها پابەندبوون بەماوە دەستوورییەکانەوە ".

مەسعود بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە" پێویستیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی دەستوودا "کردووەتەوە. " سەرۆک بارزانی ئەوەشی خستەڕوو کە جێبەجێکردن و پابەندبوون بە دەستوور، چارەسەری سەرەکییە و داواشی کرد لەپێناو سەقامگیریی وڵاتدا، هەموو لایەک پابەندی دەستوور بن "، بارەگاى بارزانى وا دەڵێت.

وەکوو بارەگاى بارزانى دەڵێت، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراقی جەختی لە" پێویستیی تێپەڕاندنی بابەتە نەرێنییەکانی ڕابردوو و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێی پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی فیدڕاڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان "کردووەتەوە.

هەر بەپێى ڕاگەیەندراوەکەى بارەگاى بارزانى، " عەلى زەیدى و شاندی یاوەری داوایان کرد کە کوتلەی پەرلەمانی و حکومیی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەشدارییەکی چالاکانە لە پڕۆسەی سیاسی و پێکهێنانی حکومەتی فیدڕاڵ، بگەڕێنەوە بەغدا ".

هەر سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت" جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی یەکخستنی دیدگا و هەڵوێستەکان و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێز کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و تێپەڕاندنی قەیرانەکانی هەبێت ".

کۆبوونەوەى بافڵ تاڵەبانی و عەلى زەیدى

کاندیدى ڕاسپێردراو بۆ پێکهێنانى حکومەتى عێراق و شاندى چوارچێوەى هەماهەنگى، پاشنیوەڕۆى ئەمڕۆ سەردانى سلێمانییان کرد و لەگەڵ یەکێتى بە سەرۆکایەتیى بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە دەباشان کۆبووەوە.

نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکى یەکێتى دەڵێت" لە کۆبوونەوەکەدا دووپات لە پێویستیی خێراکردنی هەوڵی لایەنە سیاسییەکان لە عێراق و هەرێمی کوردستان بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزی نیشتمانی و خزمەتگوزار لەسەر بنەمای دەستوور کرایەوە ".

بافڵ تاڵەبانی وتى" ئامانجی ئێمە دروستکردنی حکومەتێکی بەهێزە کە ژیانێکی شایستە بۆ هاوڵاتییان دابین بکات، ئاڵنگارییە ئابووری و ئەمنییەکان تێبپەڕێنێت و مافی تەواوی گەلانی عێراق و بەتایبەتی گەلی کورد بەگوێرەی دەستوور بپارێزێت ".

سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەلێت" جەخت کرایەوە لەسەر پێویستیی کارکردن بە گیانی یەک تیمی کە لەسەر بنەمای دیدگایەکی هاوبەش بێت، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری، بە جۆرێک کە داواکاری و بەرژەوەندییەکانی سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی عێراق دابین بکات ".

کۆبوونەوەى نەوەى نوێ و عەلى زەیدى

دواى دوو پارتە گەورەکەى هەرێمى کوردستان، عەلى زەیدى و شاندەکەى چوارچێوەى هەماهەنگى سەردانى جوڵانەوەى نەوەى نوێیان کرد، لەگەڵ شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکى جوڵانەوەکە کۆبوونەوە.

جوڵانەوەى نەوەى نوىَ و سەرۆکەکەى هیچ ڕاگەیەندراوێکیان لەسەر سەردانەکە بڵاو نەکردەوە، بەڵام نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت" جەخت لەسەر پێویستیی یەکڕیزیی نیشتمانی و یەکخستنی هەوڵەکان کرایەوە، بۆ خێراکردنی پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی نوێ، بەشێوەیەک کە بەشدار بێت لە بەهێزکردنی سەقامگیری و بەدیهێنانی هیوا و تەمەننای گەلی عێراق و وەڵامدەرەوەی خواستەکانیان بێت ".

کۆبوونەوەى هەڵوێست و عەلى زەیدى

دوایین کۆبوونەوەى سەرۆکەدوەزیرانى ڕاسپێردلاوى عێراق لەگەڵ ڕەوتى هەڵوێستى نیشتمانى بوو بە سەرۆکایەتیى عەلى حەمەساڵح. تێیدا ئەحمەد حاجى ڕەشید، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى لە پەرلەمانى عێراق کە تاکە پەرلەمانتارى حیزبەکەشیەتى، بەشدار بوو.

دواى کۆبوونەوەکە، عەلى حەمەساڵح وتى" یاداشتێکى ٢٠ خاڵیمان ڕادەستى عەلى زەیدى کردووە، کە پێشتریش بە محەمەد شیاع سوودانیمان داوە ".

ئەو پرۆژەیە کە پرۆژەى هاوبەشى ڕەوتى هەڵوێست، یەکگرتووى ئیسلامى و کۆمەڵى دادگەرییە، وەکوو خۆیان دەڵێن تێیدا جەخت لە" مافى هاووڵاتیبوون "و" هاومافی "هاووڵاتیانى هەرێم لەگەڵ هاووڵاتیانى پارێزگاکانى عێراق کراوەتەوە. هەروەها تێیدا باس لە" تەوتین، ناردنی موچە و هاوتاکردنى مووچە، مافى مووچەخۆران، دامەزراندى دەرچووانى زانکۆ و پەیمانگا، هاوتاکردنى نرخی سوتەمەنی، ناردنی دەرمان و بەشەخۆراکی مانگانە و پشتیوانی جوتیاران "و چەندین کێشەى دیکەى خەڵکى هەرێم کراوە.

عەلى حەمەساڵح سەبارەت بە بەشداریکردنیان لە کابینەى نوێى حکومەتى عێراق وتى" بەشداریکردن لە حکومەتدا بۆ ئێمە گرنگە، بەڵام ئەولەویەت لاى ئێمە پرۆژەکەمانە. ئەگەر وەزیریشمان هەبێت، لە چوارچێوەى ئەو پرۆژەیەدا کار دەکات ".

ئەحمەد حاجى ڕەشید، سەرۆکى فراکسیۆنى کۆمەڵى دادگەرى لە پەرلەمانى عێراق، دەڵێت" لە کۆبوونەوەکەدا جەختمان کردەوە کە ئەوەى لە یاساى بودجەدا جێگیر دەکرێت، دەبێت خەڵکى کوردستان لێى سوودمەند بن ".

هەر سەبارەت بە کۆبوونەوەکە، نووسینگەى ڕاگەیاندنى سەرۆکوەزیرانى عێراق دەڵێت" جەخت کرایەوە لەسەر گرنگیی یەکخستنی دیدگا و هەڵوێستەکان و پێشخستنی بەرژەوەندیی نیشتمانی، بۆ هەنگاونان بەرەو پێکهێنانی حکومەتێک کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و چەسپاندنی سەقامگیری و بەدیهێنانی خواستەکانی سەرجەم ڕۆڵەکانی گەلی عێراقی هەبێت".