نێچیرڤان بارزانی: لەگەڵ حەلبووسی کۆک بووین کە دەبێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵ بدەینەوە

05-05-2026 02:55

پەرەگراف - نێچیرڤان بارزانی دەڵێت "کۆبوونەوەیەکی زۆر باشمان لەگەڵ حەلبووسی هەبوو و هەردوولامان کۆک بووین لەسەر ئەوەی کە دەبێت لاپەڕەیەکی نوێ هەڵ بدەینەوە".

کۆبوونەوەکە شەوی ڕابردوو لە بەغداد بەڕێوەچوو و یەکەم هەوڵی پارتییە بۆ تواندنەوەی بەستەڵەکی پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەلبووسی.

نێچیرڤان بارزانی ئەمڕۆ لەبارەی کۆبوونەوەکە بۆ بەشێک لە میدیاکان قسەی کرد و جەختی کردەوە کە "دیدارێکی هەتا بڵێی باش بوو". وتیشی "دەعوەتی حەلبووسیمان کردووە کە بێتە کوردستان".

پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکرات و محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم و سەرۆکی پێشووتری پەرلەمانی عێراق، لە ماوەکانی ڕابردوودا گرژیی زۆری تێکەوت، لە پرسی یەکلاکردنەوەی سەرۆکی ئێستای پەرلەمانی عێراقیشدا بە ئاشکرا دەرکەوت.