پەرەگراف- هەڵوێست و کۆمەڵ و یەکگرتوو لە ڕوونکردنەوەیەکی هاوبەشدا ڕەتی دەکەنەوە سەردانەکەیان بۆلای چوارچێوەی هەماهەنگی بە سەرۆکایەتی یەکێتی بووبێت و دەڵێن: بەجیا وەک سێ فراکسیۆنی سەربەخۆ (هەڵوێست و یەکگرتوو و کۆمەڵ) بەرنامەی هاوبەشی خۆمان پێشکەشکرد و لەلایەن لیژنەی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگییەوە پێشوازی لێکرا.
ئەمڕۆ شاندێکی لایەنە کوردستانییەکان جگە لە پارتی سەردانی چوارچێوەی هەماهەنگییان کرد لە بەغداد بۆ پرسی پێکهێنانی حکومەت، دەرباز کۆسرەت ڕەسوڵ ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لەگەڵ نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لە سەرەوە دانیشتوون و وێنەکان وا دەردەکەون دەرباز سەرۆکایەتی شاندی کوردستانی بکات.
هەرلەسەر هەمان پرس، عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست ڕایگەیاند: بنەمای کارکردنی ئێمە بەرژەوەندی خەڵکی کوردستانە، ئێمە نابینە بەشێک لە هیچ شاند و بەرنامە و پڕۆژەیەکی یەکێتی و پارتی. هیچ پۆست و وەزارەتێکیشمان ناوێت پارتی یان یەکێتی پێمانبدات.
عەلی حەمەساڵح وتیشی "وەک سێ فراکسیۆنی پەرلەمانی(هەڵوێست، یەکگرتوو، کۆمەڵ) (١٠کورسی) پەرلەمانمان هەیە، نوسراوی فەرمی کراوە وەک خۆمان وەزارەتمان دەدرێتێ سەرچاوم، ئەگەرنا لە ڕێگای پارتی و یەکێتی نە وەزارەت و نە هیچ پۆستێکمان ناوێت. سەردانەواندن بۆ پۆست ڕەفتارو بەڵێنمان نیە".
"من وەک خۆم نیگەرانبوم لەو وەفدەی ئەمڕۆ. بڕیاربوو سەرجەم حیزبەکانی هەرێم بۆ بەرنامەو ماف و بەرکەوتەی خەڵکی کوردستان لەگەڵ چوارچێوەی هەماهەنگی کۆببنەوە، کەسیش سەرۆکی وەفد نیە، نەک بچینە وەفدێک یەکێتی سەرۆکایەتی بکات. وەک هەرسێ لایەنیش جیا لە یەکێتی کاغەزی دانوستنمان دایە چوارچێوەی هەماهەنگی" بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێست وادەڵێت.