دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و گیراوانی دیکەی لالەزار دواخرا بۆ 14ی ئەم مانگە

07-05-2026 11:05

پەرەگراف- لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگاییکردنی لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و 10 کەسی دیکە لە دەستگیرکراوانی لالەزار لە دادگای تاوانەکانی سلێمانی، دوای خوێندنەوەی پەڕاوەکەیان دادوەر بڕیاریدا بە دواخستنی دانیشتنەکە بۆ 14ی ئەم مانگە.

لاهور شێخ جەنگی و پۆڵادی برای و ١٠ کەسی دیکە دوو دۆسیەی یاساییان بۆ کراوەتەوە، یەکەمیان بە ماددەی ٥٦ لە یاسای سزادانی عێراق کە هەریەکە لە بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی سکاڵایان لەسەر تۆمارکردوون و تۆمەتباریان کردوون بە "هەوڵدان بۆ کوشتنی ئەوان و کودەتاکردن".

دۆسیەی دووەم بە ماددەی ٤٠٦ لە یاسای سزادانی عێراقییە کە تایبەتە بە کوشتن، ئەوەش بەهۆی ڕووداوە خوێناوییەکەی لالەزار لە ٢٢ی ئابی ٢٠٢٥ کاتێک هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی ویستیان لاهورو پۆڵاد و هاوڕێکانیان دەستگیر بکەن، ڕوبەڕوبوونەوە ڕوویداو ژمارەیەک کەس تێیدا کوژران و برینداربوون.