پەرەگراف- عەجاج، جەلادەکەی نوگرە سەلمان ئەمڕۆ برایە بەردەم دادگای ڕەسافە لە بەغدادو دوای وەرگرتنی وتەی شایەتحاڵەکان لە دژی، دادوەر دانیشتنەکەی بۆ 14ی ئەم مانگە دواخست.
زیاتر لە 200 کەس لە ڕزگاربووانی ئەنفالی گەلی کورد چووبوونە دادگا و شایەتییاندا لەو تاوانانەی عەجاج بەرامبەر کوردە ئەنفالکراوەکان ئەنجامیداوە لە زیندانی نوگرە سەلمان لە کۆتایی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو.
عەجاج یەكێك بووە لە جەلادەكانی زیندانی قەڵای نوگرە سەلمان لە كاتی شاڵاوەكانی ئەنفال لە ساڵی ١٩٨٨، بە ئەشكەنجە توند و نامرۆڤانەكانی ناوی دەركردبوو کاتێک لە ١٩٨٩دا بەرپرسی زیندانەکە بووە، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لەبەرچاو ونبوو و ساڵانێكی زۆر خۆی حەشار دا، ئەو جەلادە پاش ٣٨ ساڵ لە تاوانەکانى و گۆڕینی شێوەی خۆی بە جوانكاری بۆ خۆدەربازكردن، دواجار ناسرایەوە.
ڕۆژی ٣١-٠٧-٢٠٢٥، دەستگیركردنی عەجاج لەلایەن نووسینگەی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەكەمی عێراقەوە ڕاگەیەندرا. ڕۆژی دواتر دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق یەکەم وێنەی دوای دەستگیرکردنی عەجاجی بڵاوکردەوەو وتی: دەستگیرکردنى عەجاج زیاتر لە شەش مانگی خایاندووە، لە پارێزگای موسەنا بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سەڵاحەدین توانراوە دەستگیرى بکەن.
لە 21-8-2025 ڕۆژنامەی سەباحی فەرمیی عێراق بەشێک لە دانپێدانی عەجاجی بڵاوکردەوەو وتی، دانی بە ئەنجامدانی ئەو تاوانەدا ناوە كە دراونەتە پاڵی.
"برسێتیمان وەک چەکێکی جەنگ بەکارهێناوە، كە كاریگەری کەمتر نەبووە لە بۆردومانی سەربازی، دوو لەسەر سێی دەستگیرکراوەکانیش تەنها لە ماوەی 10 مانگدا گیانیان لەدەستدا" ئەمە بەشێکە لە وتەکانی عەجاج لەبارەی زیندانی نوگرە سەلمان کە هەزاران زیندانیی کوردی تێدابووەو ئەو بەرپرسی زیندانەکە بووە.
رۆژنامەی سەباح بڵاویکردەوە: تۆمەتبار ناوی عەجاج ئەحمەد حەردان عوبەیدیەو لەدایکبوی پارێزگای سەڵاحەدینەو دەرچووی خولی حەوتەمی کۆلێژی ئاسایشی نەتەوەییە، پۆستی جۆراوجۆری لە بەڕێوبەرایەتییە ئەمنییەکانی (هەولێر، رومیسە ، نەجمی، بسیە و موسەننا) هەبووە، تاوەکو بووەتە سەرپەرشتیاری گشتی زیندانی نوگرە سەلمان.