کارنامەی کابینەکەی عەلی زەیدی باسی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغداد و حکومەتی هەرێم ناکات

08-05-2026 08:54

پەرەگراف- ئەو بەرنامە وەزارییەی کە لەلایەن عەلی زەیدی، کاندیدی ڕاسپێردراو بۆ سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشکەش کراوە، هیچ ئاماژەیەکی ڕاستەوخۆی تێدا نییە بۆ پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغداد، حکومەتی هەرێمی کوردستان و ماددەی ١٤٠ یاخود ناوچە جێناکۆکەکان.

عەلی زەیدی دوێنێ کارنامەی حکومەتەکەی پێشکەش بە سەرۆکی پەرلەمان کرد، بڕیارە پەرلەمان دەنگ لەسەر بەرنامەکەو کابینەی وەزارییەکەی بدات.

کارنامەی حکومەتی عێراق بۆ ساڵانی ٢٠٢٦-٢٠٢٩ بە شێوەیەکی سەرەکی جەخت لەسەر سەروەری دەوڵەت، ئاسایش، چاکسازی ئابووری، وزە، حوکمڕانی و سیاسەتی دەرەوە دەکاتەوە، بەڵام خۆی لە ئاماژەپێدانی ئاشکرا بۆ کێشە سەرەکییە لەمێژینەکانی نێوان بەغداد و هەرێمی کوردستان بەدوور گرتووە.

تەنها ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆ یاسای نەوت و گازە کە تاکە خاڵە پەیوەندی بە هەرێمی کوردستانەوە هەبێت لە کارنامەکەداو لە بەشی وزەدا هاتووە کە حکومەت "کاردەکات بۆ دەرکردنی یاسای نەوت و گاز."

یاسای فیدراڵی نەوت و گاز بۆ چەندین ساڵە وەک یەکێک لە کێشە ئاڵۆزە چارەسەرنەکراوەکانی نێوان بەغداد و هەولێر ماوەتەوە، بەتایبەت لەبارەی هەناردەکردنی نەوت، دابەشکردنی داهات و بەڕێوەبردنی سەرچاوە سروشتییەکان.

هەروەها کارنامەی کابینەکەی زەیدی ئاماژەی بە ماددەی ١٤٠ی دەستوور نەکردووە کە تایبەتە بە یەکلایکردنەوەی چارەنووسی کەرکوک و ناوچە کوردستانییەکانی دیکەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان کە لە دەستووردا بە چەنج قۆناغێک باسکراوەو تا ئێستا جێبەجێ نەکراون.

بەگشتی کارنامەی کابینەکەی هیچ ئاماژەیەکی بەمانەی خوارەوە نەکردووە:

- حکومەتی هەرێمی کوردستان

- ماددەی ١٤٠ی دەستووری عێراق

- ناوچە جێناکۆکەکان

- کێشەی بودجە و مووچە لە نێوان هەولێر و بەغداد

نەبوونی ئەم پرسانە جێی سەرنجە، بەتایبەت لە کاتێکدا کە گفتوگۆکانی نێوان لایەنە کوردییەکان و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیی شیعەکان لەسەر پێکهێنانی حکومەت و پەیوەندییە فیدراڵییەکان بەردەوامن.