نەوەی نوێ ڕێککەوتنی لەگەڵ یەکێتی پەسەند کردو کاندیدی ئەو وەزارەتەشی دیاریکرد کە لە بەغداد وەریدەگرێت

09-05-2026 01:40

پەرەگراف- ئەنجومەنی سیاسیی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەیەکدا بەشداریکردنی لە حکومەتی عێراق و بەندەکانی رێکەوتنیانی لەگەڵ یەکێتی پەسەند کردو داوای زوو واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە دەکات.

هاوکات نەوەی نوێ كاندیدی بۆ ئەو وەزارەتەش دیاریکرد کە بڕیارە لە حکومەتی نوێی عێراقدا پێیان بدرێت.

بەپێی ڕێککەوتنەکەیان لەگەڵ یەکێتی، نەوەی نوێ وەزارەتێک لە بەغداد وەردەگرێت، پەرەگراف لە سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە زانیویەتی سروە عەبدولواحید سەرۆکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق کاندیدی نەوەی نوێیە بۆ ئەو وەزارەتە کە چاوەڕوان دەکرێت وەزارەتی ژینگە بێت.

ئەو بڕیارانەی نەوەی نوێ لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سیاسیی جوڵانەوەکەدا دران کە ئەمڕۆ بەسەرپەرشتیی رێبوار ئەوڕەحمان، جێگری سەرۆکی جوڵانەوەکە بەڕێوەچوو.

ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە دەڵێت "قسە لەسەر لێکتێگەیشتنی نێوان جوڵانەوەی نەوەی نوێ و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کراو کۆبوونەوەکە خاڵەکانی نێو رێککەوتنەکەی بە گرنگ بۆ ژیان و گوزەرانی خەڵک وەسفکرد و هیوای خواست لە ئایندەیەکی نزیکدا واژوو بکرێت، و ئەنجومەنەکە تەواوی خاڵەکانی رێکەوتنەکەی پەسەند کرد و رەزامەندی دا لەسەر واژۆکردنی لە داهاتوویەکی نزیکدا".

"لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا قسە لەسەر پێکهێنانی حکومەتی عێراق و وەرگرتنی وەزارەتێک لەلایەن نەوەی نوێوە کرا، بۆ ئەو مەبەستەش ئەنجومەنی سیاسیی بەکۆی دەنگی ئەندامان کاندیدی پۆستی ئەو وەزارەتەی بەغدادی دیاریکرد کە بریار وایە نەوەی نوێ وەریبگرێت" ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکەی نەوەی نوێ وادەڵێت.