پەرەگراف- سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ بە سێ مووشەک بارەگای کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێرانی لە ناوچەی دۆڵی ئالانەی سەر بە پارێزگای هەولێر بۆردومان کرد، هێرشەکە زیانی ماددی لێکەوتەوە بەبێ ئەوەی هیچ قوربانییەکی مرۆیی لێ بکەوێتەوە.
ئەم مووشەکبارانە لە چوارچێوەی بەردەوامی هێرشەکانە بۆ سەر گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، کە پەیوەستە بە پەرەسەندنی گرژییە ناوچەییەکان بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران.
هەر ئەمڕۆ لە ڕووداوێکی جیادا، سیستمەکانی بەرگری ئاسمانی هێزەکانی هاوپەیمانان درۆنێکیان لە ئاسمانی هەولێر خستەخوارەوەو تێکیانشکاند. دەنگی تەقینەوە کە بەهۆی تێکشکاندنی درۆنەکەوە بوو، لە چەند ناوچەیەکی نزیک فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر بیسترا.
ئەوەش لە بەردەوامیی هێرشەکانی سوپای پاسدارانی ئێران و گرووپە چەکدارە عێراقییەکانی نزیک لە ئێرانە سەرەڕای ڕاگەیاندنی ئاگربەستی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ٨ی نیسان. هەرێمی کوردستان و ئیمارات تاکە شوێنن کە لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەوە، لەلایەن ئێرانەوە کراونەتە ئامانج.
هەرێمی کوردستان لە ٢٨ی شوباتەوە ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەورەی هێرشی مووشەکی و درۆنی بووەتەوە، بەپێی ئامارەکانی حکومەتی هەرێم، لە نێوان ٢٨ی شوبات بۆ ٢٠ی نیسان ٨٠٩ هێرش تۆمارکراون، کە بوونەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٢٠ کەس و برینداربوونی ١٢٣ کەسی دیکە.
هێرشەکان ناوچە مەدەنییەکان، ژێرخان، هێزەکانی پێشمەرگە، کارمەندانی ئەمنی و گرووپە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێرانیان لە هەرێمی کوردستان کردووەتە ئامانج.