پەرەگراف- مۆنۆمێنتی پارێزەرانی حەقیقەت لە سلێمانی لە مەراسیمێکدا بە ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران خەڵاتی ڕێزلێنانی بە دوو ڕۆژنامەنووس بەخشی کە خزمەتیان بە گەیاندنی ڕاستی و بواری ڕۆژنامەگەری کردووە، ئەوانیش ڕۆژنامەنووسی زیندانیکراو شێروان شێروانی و ڕۆژنامەنووسی عێراقی ئەنەس عادل کەریم بوون.
لەبارەی خەڵاتکردنی شێروان، قوباد تاڵەبانی بە ڕۆژنامەنووسانی وت "شێروان شێروانی غەدری لێ کراوەو هەمیشە گوتومە زیندان شوێنی ڕۆژنامەنووسان نییە، خەڵاتکردنی کاک شێروان دەرئەنجامی پڕۆسەیەکی هەڵسەنگاندن بوو لەلایەن کەسانی شارەزاو ڕاگەیاندنکار کە پێیانوابوو شایستەی ئەو خەڵاتەیەو منیش هاوڕام لەگەڵیاندا".
جێگری سەرۆکوەزیران لە مەراسیمەکەدا وتارێکیشی پێشکەش کرد و وتی "سلێمانی ئازادترین پارێزگای هەموو عێراقەو شوێنێکە ئەگەر سەرپێچییەکی لێ بکرێت لە لایەن دەسەڵاتدارو هێزە ئەمنییەکانەوە، کەسایەتی و میدیاو ڕێکخراوەکان زوو دەیگەیەننە ئەو کەسانەی خەمخۆرن بۆ چارەسەری دۆخەکە".
"داوا دەکەم ساڵانە کۆببینەوەو ڕێز لەوانە بگرین کار بۆ ئازادی دەکەن و ساڵانە کۆڕبەندێک ئامادە بکرێت و کەسانی پسپۆڕ لێی کۆببنەوە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی بەربەستەکانی بەردەم ئازادیی"، قوباد تاڵەبانی وای وت، وتیشی "دوژمنانی ئازادی ئەوانەن کە لە ئازادی و ڕەخنە دەترسن و دژی شەفافیەت و ڕاستییەکانن، دوژمنێکی دیکەش ئەوانەن کە ئازادی بە فەوزا تێگەیشتوون و کەرامەتی مرۆڤ دەشکێنن و هەوڵ بۆ چەواشەکردنی کۆمەڵگە دەدرێت".